بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، یەکێتی ھێزێکی بەرپرسیارە بەرامبەر ئەزموونی ھەرێم و گلەیی و داواکاری کۆمەڵانی خەڵک،دەشڵێت:” لە ناڕەزایەتییەکان راناکەین و دەیکەینە سەرمایەی کۆشش و ھەوڵی زیاتر خزمەتکردن و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان”.
ئەمڕۆ شەممە، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە ئامادەبوونی زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆن و ژمارەیەک پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان پێشوازیکرد لە شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی کوردستان.
لای خۆیەوە پەرلەمانتار شادی نەوزاد رایگەیاند، لەبەر هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی یەکێتی و رێزگرتن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی، بڕیاریداوە لەئەمڕۆوە پەیوەندی بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بکات و لەچوارچێوەی فراکسیۆنی یەکێتی درێژە بەخزمەتەکانی بدات.
لەبەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی وێڕای بەخێرھاتنی پەرلەمانتار شادی نەوزاد بۆ ناوڕیزەکانی یەکێتی، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد یەکێتی ماڵی ھەموو ئازادیخواز و خەڵکێکە کە باوەڕی بە خەباتی مەدەنی، دیموکراسی و خزمەتکردنی خەڵکی خۆشەویستی کوردستان هەیە.
بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت:”پێشوازی لەم بڕیارە دروستە دەکەین و داواکارین لەپەرلەمانتارانی یەکێتی پەرۆشانەتر پەرلەمان بکەنە سەنگەری بەرگری لەداوا و مافە رەواکانی خەڵک و خزمەتکردنی زیاتری ھەرێم”.
ھاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەشدا کە یەکێتی ھێزێکی بەرپرسیارە بەرامبەر ئەزموونی ھەرێم و گلەیی و داواکاری کۆمەڵانی خەڵک، بۆیە لە ناڕەزایەتییەکان راناکەین و دەیکەینە سەرمایەی کۆشش و ھەوڵی زیاتر خزمەتکردن و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان. لەهیچ کەسێکیشی قبوڵ ناکەین خەمسارد و کەمتەرخەم بێت بەرامبەر داواکارییە رەواکانی خەڵک.