تۆپبارانكردنی ‌بەرزاییەكانی كوردستان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستی پێكردۆتەوە و درۆنێكی بۆكبڕێژكراوی ئێرانی تێكشكێنراوە.

دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان سەر بە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، هێزەكانی ڕێژیمی ئێران لە ئێوارەی هەینی ١٩ی خەرمانانەوە دووبارە دەستیان بە تۆپبارانكردنی ناوچە و بەرزاییەكانی كوردستان كردووه ‌و هەر چەند كاتژمێر جارێك درێژەیان بە بۆردومان داوە.

ڕوونیشی كردۆتەوە، لە كاتژمێر ٨ی شەو و دواتر ١٠ی شەوی بە كاتی هەولێر و هەروەها كاتژمێر ١ی نیوەشەو و ٣ی بەرەبەیانی شەممە ٢٠ی خەرمانان، سەر لەنوێ ناوچەكانی “سیدەكان و بەربزین”یان دایە بەر تۆپباران و ژیان و ژینگەی خەڵكیان لەو ناچەیە وێران كردوە.

دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی حدكا ئاماژەی بەوەشكردووە، ڕۆژی هەینی ١٩ی خەرمانانی ١٤٠٠، لە بەردەوامیی هێرشەكانی سوپای پاسداران بۆ سەر خاكی كوردستاندا، وێڕای تۆپباران، لە هێرشی دڕۆن كەڵكیان وەرگرت و لە شوێنێك، كە پێشمەرگەی كوردستان لە مەئموریەتی گەشت لە بەرزاییەكانی كوردستان بوون، دڕۆنێك بەسەریانەوە گەڕابوو، كە بە تەقەی هێزی پێشمەرگە، دڕۆنەكە خرایەخوارەوە.

دەشڵێت: “لاشەی دڕۆنە تێك شكێندراوەكە كەوتە دەستی هێزی پێشمەرگە”.