ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بەهۆی خاڵی ناکۆکی لەنێوان وەزیری دارایی و پلاندانان و سەرۆکی حکومەت نەتوانرا بوودجە ئامادەبکرێت و بنێرێتە پەرلەمان.
سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی، رایگەیاندووە:”بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، دەبێت حکوومەت ساڵانە لە مانگی تشرینی یەکەم، پرۆژەیاسای بوودجەی ساڵی داهاتوو تەواو بکات و بینێرێتە پەرلەمان بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئەو پرۆژەیەی ساڵێکە حکوومەت سەرقاڵی ئامادەکردنییەتی لە بوودجەی ٢٠٢١ەوە بیگۆڕێت بۆ بوودجەی ٢٠٢٢”.
دەشڵێت:”ساڵی پار لە مانگی یازدەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ئەوەی لەنێو هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی ئەوەکراوە کە هەرێمی کوردستان دەبێت یاسای بوودجەی هەبێت، ساڵی رابردوو خشتەیەک دانرا کە پرسی بوودجە بێتە پەرلەمان و لە رۆژی پێنجی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکی کرد لەسەر رەشنووسی بوودجە و لە دوو رۆژ دواتر کۆبوونەوەیەکی دیکەشیان کرد و بڕیاردرا کە هەموو وەزارەتەکان بڕی داهات و خەرجییەکانی خۆیان بنێرن بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، بەپێی ئەو خشتەیەی کە وەزارەتی پلاندانان داینابوو بڕیاروابوو کە ٢٧ی مانگی شوبات پرۆژەیاسای بوودجە بهاتایەتە پەرلەمان، بەڵام دواکەوت بەهۆی بیانوویەکی سیاسیی و یاسایی، بیانووەکە ئەوبوو کە حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە دەبێت بە دوو جۆر بوودجە دابنێت؛ یەکێکیان لەسەر بنەمای ئەو پارەیەبوو کە لە بەغداوە دێت و ئەوی دیکەشیان لەسەر بنەمای داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام بەداخەوە دوای ئەوەی رێککەوتنیش کرا و پارەش لە بەغداوە هات حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر نەیتوانی پرۆژەیاسای بوودجە بنێرێتە پەرلەمانی کوردستان”.
دەربارەی ئەوەی کە تا ئێستا بۆچی حکومەت نەیتوانیووە بوودجە بنێرێتە پەرلەمان وتیشی:”یەکێک لە بیانووەکان ئەوەبوو کە دواکەوتنەکەی پەیوەندی بەو کێشمەکێشمی رێککەوتنەوە هەبوو کە لەگەڵ بەغدا کرا، هۆکاری دووەمیشیان؛ بەپێی بەدواداچوونی ئێمە لە لیژنەی دارایی ئەوەبووە کە لەسەر دەسەڵاتە داراییەکان ناکۆکی هەبوو لەنێوان وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، لەڕووی یاسایییەوە دەسەڵاتەکان دەبوایە بچووایەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و هەموو خەرجییەکان بەپێی یاسا بچوایەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و پلاندانان و سەرۆکی حکوومەت سەرپەرشتی بکات، بەڵام ناکۆکییەکان بووە هۆی ئەوەی کە نەتوانن بوودجە پەسەند بکەن، هۆکاری سێیەمیش؛ مووچە بوو کە نەتوانرا رێکبکەون لەسەر ئەوەی مووچە بە لێبڕینەوە بدرێت یان بەتەواوی، لێبڕینی دەرماڵەی تێبکەوێت یان دەستکاری نەکرێت، ئەمانە هەمووی کێشەبوون بۆئەوەی کە فریانەکەوت بۆ ئەمساڵیش بوودجە بێتە پەرلەمان”.
وتیشی:”سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەیویست زۆرترین دەسەڵات لەلای خۆی بێت بەوهۆیەش ئەمە بووە خاڵی ناکۆکی لەنێوان وەزیری دارایی و پلاندانان و سەرۆکی حکوومەت و نەتوانرا بوودجە ئامادەبکرێت، ئێمە پرسیارمان لەسەر ئەو بابەتە کردەوە، حکوومەت لە وەڵامدا پێی گوتین کە گەیشتوونەتە شێوازێک لە رێککەوتن لەسەر چۆنییەتی دیارییکردنی دەسەڵاتە داراییەکان و کۆبوونەوەیان کردووە لەنێوان خۆیاندا و جۆرێک لە رێککەوتنیان کردووە لەسەر ئەو خاڵە ناکۆکەش”.
سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی ئاماژەی بەوەشکرد:”ئەوەی کە لای ئێمەیە و گەیشتووە بە ئێمە، بوودجە ١٤ ترلیۆن دینارە، بەشی سەرەکی و هەرەزۆری بۆ مووچەیە کە دیاریی کراوە هەرچەندە لە لیستی خانەنشینی و پلەباڵاکان گۆڕانکاری کراوە، بەڵام نزیکەی هەشت ترلیۆنێکی بۆ مووچە دەڕوات ئەوی دیکەی بۆ بوودجەی بەکارخستن، وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە دەبێت”.