نووسینگەی فارووقی مەلا مستەفا لە راگەیەندراوێکدا رەتیدەکاتەوە کە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ فاروقی مەلا مستەفا دەرچووبێت، دەشڵێت:” کاروبارەکانیان بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت”.

لە راگەیەندراوێکدا نووسینگەی فارووقی مەلا مستەفادا بڵاویکردووەتەوە:” “لە چەند میدیایەكی كوردی و عەرەبی بڵاوكراوەتەوە كە چواردەوری مەكتەبەكەی كاك (فارووقی مەلا مستەفا) لە كۆمپانیای ئاسیا گیراوە و فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە، بەبێ ئەوەی ناوی هیچ لایەنێك بهێندرێت”.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە:” هەر لێرەوە رایدەگەیەنین هەموو ئەو هەواڵ و بڵاوكراوانە دوورن لە راستییەوە و بە شێوەی ئاسایی كاروبارەكانمان بەڕێوەدەچێت، ئەو كێشە و ململانێیانەی كە روودەدەن هیچ كاریگەرییەكی لەسەر بەڕێوەچوونی ئیشوكارەكانمان نابێت”.

“بە هەموو لایەكی رادەگەیەنین ئێمە دوورین لە ململانێی لایەنە سیاسییەكانی ئێستای سلێمانی بەتایبەتی و هەرێمی كوردستان بەگشتی، دووریشین لە كێشە نێوخۆییەكانی یەكێتی و ئێمە لە كاروباری حیزبایەتی لە هەرێمی كوردستاندا سەربەخۆین” نووسینگەی فاروقی مەلا مستەفا وا دەڵێت.

رۆژی پێنجشەممە 09-09-2021، هێزێکی ئەمنی لە سلێمانی هەڵیانکوتایە سەر کارگەی چیمەنتۆی گاسن لە بازیان و گرووپی کۆمپانیاکانی فارووق.