ئاسایشی سلێمانی ئەو پڕوپاگەندانە رەتدەكاتەوە كە باس لەوەدەكرێت هێزێك چوونەتە سەر كەناڵی NRT.
موقەدەم یاسین وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ چەند كەسێك بە دوو ئۆتۆمبێل دەچنە سەر ماڵی یەكێك لە كەسایەتییە دیارەكانی شاری سلێمانی، هەڕەشەی لێدەكەن و كار گەیشتووەتە ئەگەری تیرۆركردنی، بەڵام مەفرەزەیەكی ئاسایشی سلێمانی بەهانای كەسایەتییەكەوە چوون.
وتەبێژەكەی ئاسایش ئاشكرایكرد، لەگەڵ گەیشتنی هێزەكەی ئاسایش، هێرشكەرەكان هەڵاتوون.
دووپاتیشیكردەوە، هێزەكەی ناوەوە و دەرەوەی گوندی ئەڵمانی بۆ پاراستنی ئەو كەسایەتییە و سەرجەم دانیشتووانی گوندی ئەڵمانی ماونەتەوە و شوێنەكەش زۆنی هیچ كەس و لایەنێك نییە و وەك هەر گەڕەك و ناوچەیەكی دیكەی سلێمانی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت لەكاتی بوونی هەر مەترسییەكدا.
ئەو پڕوپاگەندانەشی ڕەتكردەوە، گوایە هێزەكەی ئاسایش بۆ هەڵکوتانە سەر کەناڵ و کەسێک چووبنە ئەو شوێنە.