وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، هەڵبژاردن لە عیراق هیچ کاریگەری نابێت لەسەر رێککەوتنی هەولێر و بەغدا و دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، ئەو ٢٠٠ ملیارەی کە ئێستا بۆمان دێت وەک سلفەیە و تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، پشکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بوودجە زۆر لەوە زیاترە.

لە مەراسیمێکدا لە هەولێر لە چوارچێوەی بەرنامەی پشتیوانیکردنی چاکبوونەوە و سەقامگیریی لە عیراق لەڕێگەی پەرەسەندنی نێوخۆییەوە، خستنەگەری پرۆژە نێوخۆییەکانی وزەی بەردەوام لە هەرێمی کوردستان راگەیەندرا.

پرۆژەکە لە هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک جێبەجێ دەکرێت بە هاوکاری یەکێتیی ئەورووپا بەبری شەش ملیۆن دۆلار، پێکدێت لە دەستپێکردن بەسوود وەرگرتن لە وزی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و لە هەرسێ پاریزگاکەش پرۆژەکان کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

د. دارا رەشید لە دوای مەراسیمەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند “پلانمان وایە بەرهەمهێنانی کارەبا بەو ئاراستەیە بچێت کە بە تیشکی خۆر بەرهەمبهێندرێت کە بەمە هەم ئەو بارگرانییەی لەسەر حکومەتە کە دەبێتەوە هەم کەرتی تایبەت دەگەشێتەوە بەتایبەت ئەو کۆمپانیایانەی لەو بوارە کاردەکەن، بۆیە دەمانەوێت خەڵک هانبدرێت ئەو جۆرە کارەبایە بەکاربهێنن، چونکە هەم دۆستی ژینگەیە هەم تێچووی زۆر کەمترە، دەمانەوێت زیاتر رۆشنبیری دەربارەی ئەو سیستمە بڵاوبکەینەوە لەنێو خەڵکی کوردستان کە بتوانرێت خەڵک لە ماڵی خۆشی بەکاری بهێنێت و لە گوندەکانیش بەکاریبهێنن بۆئەوەی ببێتە جێگرەوەیەکی باش بۆ ئەو کارەبایەی ئێستا هەیە کە هەم تێچووی زۆرە هەم ژینگەیش پیس دەکات”.

سەبارەت بەوەی کە هەڵبژاردنەکانی عیراق هیچ کاریگەرییەک لەسەر مووجەی فەرمانبەران دروستدەکات وتیشی:”نەخێر هیچ مەترسییەک نییە، ئەو ٢٠٠ ملیارەی کە ئێستا دێت وەک سلفەیەک بۆمان دێت، ئەگینا بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان لە یاسای فیدراڵی زۆر زیاتر لەوە، ئەو ٢٠٠ ملیارە سلفەیە و بەردەوام دەبێت تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢١کە ٣١ی ١٢ی ساڵی ٢٠٢١ دەکات کە پێی دەڵێن کۆتایی ساڵی دارایی”.