دوای سوورهەڵگەڕانی ئاوی بەنداوی باوەشاسوار لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، تیمێكی زانكۆی گەرمیان هۆكاری سووربوونی ئاوی بەنداوەكە دەستنیشان دەكەن و جەختدەكەنەوە، كە گۆڕانكاری كیمیایی تێیدا ڕوویداوە و بەكەڵكی خواردنەوە و كشتوكاڵ و ئاژەڵداری نایەت.
زانكۆی گەرمیان لە ڕووونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی سووربوونی ئاوی بەنداوی باوەشاسوار لەسەر راسپاردەی سەرۆكی زانكۆ (پ. د . فەرهاد قادر) لیژنەیەكی پسپۆڕ لەزانكۆی گەرمیان لەلایەن سەنتەری توێژینەوەی زانكۆمان پێكهێنرا، بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لەهۆكاری سووربوونی ئاوی بەنداوەكە.
ئاشكراشی كردووە، لیژنەكە لەڕۆژی دوو شەممە ٢٣ / ٨ / ٢٠٢١ و ڕۆژی هەینی ٢٧ / ٨ / ٢٠٢١ لە دوو كاتی جیاواز و بە دوو تیمی جیاواز سەردانی بەنداوەكەیان كرد و چەندین نموونەیان لە ئاو و خاكی بەنداوەكە وەرگرت بەمەبەستی شیكاركردنێكی زانستی و دروست بۆ دەستخستنی دەرئەنجامەكانی ئەو گۆڕانكاریانەی، كە بەسەر ڕەنگی ئاوی بەنداوی باوەشاسوار ھاتووە.
دوای تاوتوێكردنی ئەنجامی شیكارییەكان و ئامادەكردنی ڕاپۆرتی شیكاری زانستی لەكۆتاییدا لیژنەكە گەیشتن بە دوو خاڵ، كە بریتین لە :
١- ئاوی بەنداوەكە چەندین گۆڕانكاری كیمیایی بەسەریدا هاتووە و ئەو گۆڕانكارییە كیمیاییانە بۆتە هۆكاری سەرهەڵدانی قەوزەیەك كە ڕەنگی سوورە.
٢- بەهۆی ئەو گۆڕانكارییانەی، كەبەسەر ئاوی بەنداوەكە ھاتووە لە ئێستادا ئاوی بەنداوەكە شیاو نیە بۆ بەكارهێنان لەلایەن مرۆڤ هەروها بۆ كشتوكاڵ و ئاژەڵداریش.
ڕوونیشی كردۆتەوە، كورتەی ئەنجامەكان و كۆی كار و شیكاری لیژنەكە پێشكەش بە سەرۆكایەتی زانكۆی گەرمیان دەكرێت بەمەبەستی ئاڕاستەكردنی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان و ئەنجامدانی كاری پێویست.