سنورمیدیا
 
دوای ئەوەی لەچەند شەوی ڕابردوو كەسێك لە گەڕەكی هەواری شار لە سلێمانی بەناوی دژە تیرۆرەوە تەقەی بەسەر ژمارەیەك هاووڵاتیدا كردبوو، ئەو كەس خۆی ڕادەستی بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕكردووە و لە ئێستادا دەستگیكراوە هاوكات هەفتەی داهاتووش دەبرێتە بەردەم دادوەر بۆ وەرگرتنی سزای یاسایی خۆی.
 
پۆلیسی سلێمانی ئاشكرای كردووە، دوای ئەوەی لە چەند شەوی ڕابردوودا كەسێك كە خۆی بە دەزگای دژەتیرۆر ناساندووە ئەوەی ڕاگەیاندووە كە ئەوان هێزی دژە تیرۆرن لە گەڕەكی هەواری شار لە سلێمانی تەقەی بەسەر چەند هاووڵاتیەكدا كردووە لەسەر ئەوەی فول لایتی ئۆتۆمبیلیان بۆ لێداوە، دوای لێكۆڵینەوەی پۆلیس ئەو كەسە خۆی ڕادەستی بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕكردووە.
 
ئاماژە بەوەشكراوە، لە ئێستادا ئەو كەس لە بنكەی پۆلیس دەستبەسەركراوە و وابڕیارە كە ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو ببرێتە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە و دادوەر بڕیاری خۆی لە بارەی سزادان یاخود ئازادكردنی دەربكات، بۆیە بەرپرسانی پۆلیسی سلێمانی جەخت لەوە دەكەنەوە كە ڕێگە بەهیچ كەس و لایەنێك نادەن لە ژێر ناوی هیچ دەزگایەكی ئەمنیدا تەقە لەهاووڵاتیان بكەن و هێمنی و ئاسایشی سلێمانی بخەنە ژێر پرسیارەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەو كەسەی كە خۆی ڕادەستی پۆلیس كردووە ناوی (ر، ه) برای بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆری كوردستانە و بەرپرسانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش هاوكاربوون بۆ ئەوەی یاسا لەسەرو هەموو كەسێكەوە بێت و ڕێگە بەهیچ كەسێك نادرێت لە پەنای هیچ دەزگایەكی ئەمنی ببێتە هەڕەشە بۆ هاووڵاتیان.
سەرچاوە: SNN