ژنێکى چینى زانایانى توشى سەرسوڕمان کردووە دواى ئەوەى ئاشکرایکرد کە ماوەى زیاتر لە 40 ساڵە خەو نەچووەتە چاوەکانى.
ئەو ژنە کە ناوى لي زانيينغە و دانیشتووى ناوچەى خەنانى رۆژهەڵاتى چینە بە میدیاکانى وڵاتەکەى راگەیاندووە، لەتەمەنى پێنج ساڵییەوە نەخەوتووە، ئەوەش بەپێی رۆژنامەى “زە سەنى” بەریتانى.
لاى خۆیەوە هاوسەرى ئەو ژنە جەختیکردووەتەوە کە خێزانەکەى ساڵانێکى زۆرە نەخەوتووە.
دەشڵێت، لەو رۆژەوەى هاوسەرگیریان کردووە ژنەکەى بەبەردەوامى سەرقاڵى کارى ماڵەوەیە بەدرێژایی شەو.
هاوسەرى ئەو ژنە لەڕێگەى پێدانى حەبى خەو، سەردانیکردنى پزیشکەوە هەوڵیداوە ئەو کێشەیەى ژنەکەى چارەسەر بکات، بەڵام بێ سود بووە و پزیشکەکان نەیانتوانیوە کێشەکەى دیارى بکەن.
بەوتەى زانایان، ئەو ژنە لە راستیدا دەخەوێت بەڵام نەک وەک مرۆڤى ئاسایی کە چاوەکانى دابخات، بەڵکو بۆ نمونە کاتێک لەگەڵ هاوسەرەکەى قسە دەکات و جوڵەى چاوى خاو دەبێتەوە دەخەوێت، لەکاتێکدا هێشتا تواناى قسەکردنى هەیە.
پێشیانوایە ئەو دۆخە هاوشێوەى رۆیشتنە لەکاتى خەودا، لەکاتێکدا جەستە چالاکە تەنانەت لەکاتى خەودا.