لەگەڵ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن و نزیكبوونەوەی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، هاوپەیمانی نیشتمانی كوردستان بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكەی راگەیاند.
حسێن ئەحمەد، وتەبێژی فەرمی هاوپەیمانیی نیشتیمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە:” لە پاش ئەوەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئامادەیی جیدی بۆدەكرێت و پێدەچێت لە ١٠/١٠ ئەگەری قەرار دان لەسەری ببێتە فاكتێكی واقیعی، لە وەها حاڵێكدا، ئێمە وەك هاوپەیمانیی نیشتیمانی كوردستان، ڕایدەگەیەنین كە بایكۆتی هاڵبژاردن لە تێكڕای بازنەكانی عێراق و كوردستاندا دەكەین.”
دەشڵێت:” داواكارین لە هاوڵاتیانی دڵسۆزی كوردستان و عیراق، بڕۆنەبەردەم سندووقەكانی دەنگدان و بەرپرسانە دەنگەكانتان بسوتێنن و ناوی خۆتان بە تۆمار كراوی بە بێ هیچ بژاردەیەكی دیاری كراو، لە بازنەكانی دەنگداندا جێبهێڵن، تا هەمووان پێكەوە بتوانین، تەزویرو ساختەكاری ھەڵبژرادنەكانی ساڵی ٢٠١٨ رابگرین، وە بەم بایكۆتە كوردستانێكی سەقامگیر و عێراقێكی سیستەماتیك و دامەزراو پیشچاو بخەین و هەموومان پێكەوە دەست لەناو دەست كۆمەك بە هەستانەوەی بكەین. ”
وتەبێژی هاوپەیمانی نیشتمانی كوردستان دەڵێت:” بە پیچەوانەوە، هەر جۆرە پشتگیری كردنێكی هەڵبژاردنەكانی عیراق، بە خاڵی لاوازی عێراقییەكان تێدەگەین و عێراق بەم هەڵبژاردنە زیاتر و زیاتر دەگلێتە بارو دۆخی ترسناك و مەلول و سەختەوە.”
لەكۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتووە:” لە ئێستادا دابڕان و دووركەوتنەوە لە دەسەڵات و حزبە دەسەڵاتدارەكان بەباشترین چارەسەر دەزانین، بۆ ئەوەی ھێڵێكی جیاكەرەوە ھەبێت لە نێوان ئەم دووھێزە، ھێزی گەندەڵكارو قۆرخكاری دەسەڵات بە تەزویرو ساختەكاری، ھێزی گەل و دژە گەندەڵی و ستەملێكراو.”