وەزیرى دارایی هەرێم رایگەیاند، یاسایی چاكسازی جیاوازی لە نێوان هیچ پلە و پۆستێك ناكات دەبێت هەمووان پابەندی یاسای چاكسازی بن و خۆشى راستەوخۆ سەرپەرشتى دۆسیەى خانەنشینى پلە تایبەتەکان دەکات.
بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتى دارایی، سەرلەبەیانی ئەمرۆ 7ی ئەیلولی 2021 ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری بە یاوەری دكتۆر عبدولحەكیم خسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی كرد.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەو سەردانەدا، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری و دكتۆر عبدولحەكیم خسرەو لەگەڵ جێگری بەرێوبەری خانەنشینی كوردستان كۆبوونەوە ، بەوردی تاوتوێی پرۆسەی پێداچوونەوەی بە خانەنشینی پلە تایبەتەكانی كرد.
وەزیری دارایی و ئابوری لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی بەوە كرد، یاسایی چاكسازی جیاوازی لە نێوان هیچ پلە و پۆستێك ناكات دەبێت هەموومان پابەندی یاسای چاكسازی بین.
وەزیری دارایی و شاندی یاوەری هەروەها سەردانی بەشەكانی خانەنشینی كرد و وتى ” ئێمە هەمیشە پاڵپشتی ئێوەین ، بۆ ئەوەی جێبەجێكردنی یاسایی چاكسازی ببێتە چەترێك بۆ كۆكردنەوەی دادپەروەری كۆمەڵاتی.”