ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، جارێكی دیكە حزبەكەی یەكێتی چاوی لە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆككۆماری عێراقە و دەشڵێت،”ئەو ناوانەی بۆ سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران باسیان لێوەدەكرێت تەنها بۆ بازاڕ گەرم كردنە”.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە دەنگی ئەمریكا-ی ڕایگەیاندووە، عێراق و هەرێم وەزعیان باش بێت یان نا، هەڵبژاردنی عێراق گرنگە و وەڵامدانەوەی خواستی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریرە، چونكە خەڵك بڕوای بەم پەڕلەمانە نیە، كە بەشێوەیەكی نادروست لەلایەن كۆمیسیۆنێكی نادروستەوە هەڵبژێردراوە.
دەشڵێت،” عێراق هەر كێشەیەكی هەبێت، هەر تەیارێكی شیعەش ناڕازی بێت، ناكرێت هەڵبژاردن دوا بخرێت، كە پەیوەندی بە قوڵكردنەوەی دیموكراسیەوە هەیە، هەنگاوێكی دروستیشە بە ئاراستەی دامەزراندی عێراقێكی دیموكراسی فرە حیزبی دیموكراسی”.
ڕاشیگەیاند، ئەو قسانەی باس لە چەند ناوێك دەكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیرانی داهاتوو حیكایەتی نادروستن، خۆ سەرۆكوەزیران لەگەڵ باران نایەت، غەیر دەنگی زۆرینەی ناو پەڕلەمان بهێنێ، هاوپەیمانێتی و دەنگ زۆر بەدەستهێنان، كورسی سەرۆكوەزیرانی داهاتووی عێراق دەستنیشان دەكات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، تائێستا یەكێتی كاندیدی پۆستی سەرۆككۆماری ساغنەكردووەتەوە، باسكردنی ئەو مەسەلە لە ئێستادا بۆ بازاڕ گەرم كردنە، یەكێتی كادیری زۆرە بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، هەر لە كاك دكتۆر بەرهەمەوە تا خەڵكی دیكە، با هەڵبژاردن تەواو بێت، ئینجا یەكێتی كاندید دیاری دەكات.
سەعدی پیرە ئاشكراشیكرد، پشكی كورد لە سێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق، لەگەڵ سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم گرێدراوی یەكن، بۆیە یەكێتی چاوەڕوانی بەدەست هێنانەوەی پۆستی سەرۆككۆمارە.