سێ ئەندامی خێزانێك لەگوندی هروورن لەسنووری كانی ماسێ لەدەڤەری بەرواری باڵا، گازی بۆردومانێكی توركیایان بەردەكەوێت و دۆخی تەندروستیان تێكدەچێت، پزیشكێكیش دەڵێت:” نیشانەكانی ئەوان جێگەی گومانن و دەبێت لێكۆڵینەوەیان لەسەر بكرێت.”
ئەوانەی دۆخی تەندروستییان تێكچووە: هەدیا مستەفا تەمەن 66 ساڵ، ژیمان عەبدوڵڵا تەمەن 28 ساڵ و پیاوێكی 76 ساڵە بەناوی عەبدوڵڵا حەسەن.
هەدیا مستەفا لەبارەی تۆپبارانەكە راگەیاند: “تۆپی توركیا وای لە ئێمە كرد، دووكەڵێكی زۆر هات و بە كچەكەم گوت كە بۆنێكی پیس دێت، بەڵام گوێی پێنەدام و من چوومە ناو خانووەكە.”
مەلا حەجی عەبدوڵڵا ماڵەكەی بە دووری كیلۆمەترێك دەكەوێتە دەروازەی گوندی هروور، بەردەوام دەوروبەری ماڵەكەی بۆردوومان و تۆپباران دەكرێت.
ئەدیب موسا، دانیشتووی گوندی هروور دەڵێت “پێنج تۆپ لە دەوروبەری ماڵەكانیدا، یەكێك لە تۆپەكان دووكەڵێكی رەشی لێ بەرزبووەوە، تۆپێكی دیكە رەنگی زەردبوو و بە ناوچەكەدا بڵاوبووەوە.” وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.
بنكەی تەندروستیی رۆزانا لە كانی ماسێ چارەسەری سەرەتایی بۆ بریندارەكان كردووە و دەڵێن ”نیشانەكانی ئەوان جێگەی گومانە” لەبەرئەوە چاوەڕێی ئەنجامی پشكنینی پزیشكانی زاخۆ دەكەن، تاوەكو جۆری ئەو گازەی لە تۆپبارانەكەدا بەكارهاتووە پشتڕاست بكرێتەوە.
رەسوول محەممەد، پزیشكی پایەبڵند لە نەخۆشخانەی رۆزانا رایگەیاند “ئەوان هەناسەیان تەنگ ببوو، چاوەكانیان فرمێسكی دەكرد و گێژببوون، ئەو نیشانانە بۆ من جێگەی گومان بوون.”