بۆ ئەمساڵی خوێندن بەشی پەیوەندییە گشتییەکان لە کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان دەکرێتەوە و سەرۆکی بەشەکەش دەڵێت:”بۆ ئەمساڵی خوێندن خوێندکارانی دەرچووی ١٢ی ئامادەیی دەتوانن داواکاری بۆ خوێندن لە بەشەکە پێشکەش بکەن”.
د. لانە صابر، پرۆفیسۆری یاریدەدەر کە بە پێی فەرمانێکی زانکۆیی لە لایەن د. رەزا حەسەن، سەرۆکی زانکۆی سلێمانییەوە دەرکراوە بە سەرۆکی بەشەکە دیاریکراوە لە لێدوانێکدا بۆ راچڵەکین وتی:”بە گوێرەی فەرمانێکی زانکۆیی، بۆ ئەمساڵی خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢ بەشی پەیوەندییە گشتییەکان لە کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان دەکرێتەوە و هەر ئەمساڵیش خوێندن لە بەشەکە دەستپێدەکات و خوێندکاران دەتوانن بە شێوەی راستەوخۆ داواکاری بۆ خوێندن لە بەشەکە پێشکەش بکەن بۆ خوێندنی ئاسایی و پارالێڵ.
ئاماژەی بەوەشکرد: خوازیاران دەتوانن لە ٥-٩-٢٠٢١ ەوە فۆرمی داواکاری لە تۆمارگای گشتی کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان وەربگرن.
وتیشی، وەرگرتن لە بەشەکە بە شێوەی راستەوخۆ دەبێت و چەند مەرجێک دیاریکراوە بۆ وەرگرتنی خوێندکاران کە ئەمانەن:
١- خوێندکار دەرچووی ساڵی خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠ و هەروەها ٢٠٢٠-٢٠٢١ بێت بۆ هەردوو بەشی زانستی و وێژەیی.
٢-کۆنمرەی گشتی خوێندکار ٧٠٪ کەمتر نەبێت. بۆ شێوازی خوێندنی ئاسایی.
٣-کۆنمرەی خوێندکار ٦٥٪ کەمتر نەبێت بۆ خوێندنی پارالێڵ.
٤-تێکڕای نمرەی خوێندکار لە هەریەک لە وانەکانی (کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی) لە ٧٠٪ کەمتر نەبێت.
٥-لە کاتی پێشبڕکێدا رەچاوی نمرە دەکرێت بە رێژەی ٦٠٪ ی نمرەکانی تێکڕای ئامادەیی و ٤٠٪ ی نمرەش لەسەر تاقیکردنەوەی لێهاتوویی دەبێت، بە مەرجێک خوێندکار لە تاقیکردنەوەی لێهاتوویی (چاوپێکەوتن) نیوە زیاتر بەدەست بهێنێت.
٦-خوازیاران دەبێت بە بەرگی فەرمی ئامادەی تاقیکردنەوەی لێهاتوویی (چاوپێکەوتن)بن.
٧-کۆتا کات بۆ گەڕاندنەوەی فۆڕمەکان بۆ تۆماری کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان رۆژی پێنج شەممە ٩ی٩ی ٢٠٢١ دەبێت.
٨-تاقیکردنەوەی لێهاتوویی(چاوپێکەوتن) لە رۆژی یەکشەممە ١٢ی ٩ ی ٢٠٢١ کاتژمێر ٩ لە بەشی پەیوەندییە گشتییەکان لە کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان ئەنجام دەدرێت.