شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کارگێڕى مەکتەبی سیاسی یەکێتى رایگەیاند، سەردەمى تەشخان و پەخشانکردن لە سلێمانى کۆتایی هاتووە و ئەوانەى پەنجە بۆ روخاندنى هەر شوێنێکى شارەکە درێژ دەکەن قورسترین سزا دەدرێن.

 

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەمڕۆ یەکشەممە لە پەیامێکدا رایگەیاند ” بەهەموو لایەکی ڕائەگەیەنم کە سەردەمی بێ کەسی شار و تەخشان و پەخشان کردن بە شارەوە کۆتایی هات”.

 

وتیشى “سەردەمی قوربان و سەدەقە و ڕجا و تکا کردن لەم و لەو بۆ پاراستنی سیمای شار بەسەرچوو .. ئێستا سەردەمی ئەوەیە کە ئەوەی پەنجە بۆ ڕووخاندنی گەرەک و خانووییەکی کۆنی ئەم شارە و شەقام و کوچە و کۆڵان و باخ و گرد و دار سنۆبەر و فولکە و کتێبخانە و دوکان و بازاڕ و چێشتخانە و دەروازە و خوێندنگە و نەخۆشخانە و پەیمانگا و بستێک زەوی شاری شاران، هەروەها مناڵ و گەنج و پیرێکی ئەم شارە ببات نەک هەر دەبێت سەد جار بیر لە پەنجەی بکاتەوە  بەڵکو پێویستە کە خۆی ئامادە بکات بۆ ڕووبەرووبوونەوەی قورسترین سزای یاسایی”.

 

“هیوادارم هەموو بەرپرسێکی حزبی و حکومی ئەم پەیامەمی وەک خۆی پێ بگات و هەموو ئەوانەشی کە ئێستا و لەساڵانی ڕابردوودا بەشێک بوون لەو کاولکارییەی کە بەسەر شاردا هاتووە چاوەڕوانی سزای کردەوەکانیان بن”، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وادەڵێت.