فەرماندەی بەرەی بەرخۆدانی پەنجشیر ئامادەیی هێزەکانی بۆ راگرتنی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست دەربڕی، ئەوەش بە مەرجێک تاڵیبان کۆتایی بە هێرش و جموجۆڵەکانی لەو ناوچەیە بهێنێت.
ئەحمەد مەسعود، فەرماندەی بەرەی بەرخۆدانی پەنجشیر لە رێگەی راگەیەنراوێکەوە کە لە هەژماری خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردوەتەوە، باسی لەوەکردوە، هێزەکانیان ئامادەن شەڕ رابگرن، بەو مەرجەی تاڵیبانیش دەست لە هێرشەکانی هەڵبگرێت و کۆتایی بە جموجۆڵە سەربازییەکانی لە پەنجشیر بهێنێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە تەواوەتی داواکاری ئەنجومەنی زانایانی ئیسلامیی ئەفغانستان پەسەند دەکەن، کە تیایدا شەڕیان لە پەنجشیر بە ناشەرعی لە قەڵەمداوە و لەو رووەوە وتی: لە کاتێکدا تاڵیبان بانگەشەی دامەزراندنی حکومڕانییەکی ئیسلامی دەکات هیچ پاساوێکی شەرعی و لۆژیکی نییە، کە پەلاماری ناوچەیەک بدات کە دانیشتوانەکەی پابەندیی تەواوەتیان بە ئایینی ئیسلامەوە هەیە.
تاڵیبان کە جگە لە پەنجشیر دەستی بەسەر سەرجەم ناوچەکانی ئەفغانستاندا گرتووە ماوەی چەند رۆژێکە هێرشەکانی بۆ سەر ئەو ویلایەتە دەستپێکردووە و بانگەشەی کۆنتڕۆڵکردنی چەند قەزایەک دەکات.