برایەكی نەجمەدین فەرەج ناسراو بەمەلا كرێكار ئاشكرای دەكات، دۆخی تەندروستی ” زۆرباشە” بەڵام ماوەیەكە رێگای پێنادرێت پارەی خەرجی رۆژنەی لەخێزانەكەیەوە پێبگات.
خالد رەنجدەر، برای مەلا كرێكار، ئەمڕۆ یەكشەممە لەهەژماری خۆی بڵاویكردووەتەوە، دوێنێ ڕۆژی شەممە لەپەیوەندییەكدا بە سكایپ، مەلا كرێكاری بینیوەو هەواڵی تەندروستی پرسیوە:”سوپاس بۆ خوا تەندروستی زۆر باشە و ڕۆژانە بە نووسین و وەرزش بەڕێدەكات. ماوەیەكە ڕێگە نادەن پارەی خەرجی ڕۆژانەی لە خێزانەكەیەوە پێبگات.”
رەنجدەر دەڵێت:” لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ یەكیتی ئەوروپا پێداچوونەوەی بە لیستی تیرۆردا كردووە، ئەو سزایانەی لەسەر كەسانە هێشتووەتەوە كە لە لیستی تیرۆردان. یەكێك لەو سزایانە سڕكردنی پارە و ماڵی ئەو كەسانەیە كەناویان لەو لیستەدایە. هەروەها ڕێگریكردن لە گەیشتنی پارە پێیان. پێدەچێت ئیدارەی زیندانەكەی مامۆستا كرێكار ئەو سزایەی لەسەر زیندووكردبێتەوە بۆیە ناهێڵن پارەی خەرجی ڕۆژانەی لە خێزانەكەیەوە پێبگات.”
خالد رەنجدەر لەبەشێكی تری نوسینەكەیدا دەڵێت:” مامۆستا كرێكار بۆ ئەوەی تەلەفۆن بۆ ماڵەوە بكات دەبێت بڕێك پارە بدات بە ئیدارەی زیندانەكە. هەورەها ئەگەر بیەوێت جلوبەرگ یان خواردنێك بكڕێت دەبێت بیكاتە لیستێك و بیدات بە ئیدارەی زیندانەكە بۆ ئەوەی بۆی بكڕن و دەبێ هەر خۆشی پارەكەیان بدات. لە چەند بانكێك لە ئەوروپاوە خێزانەكەی هەوڵیان داوە پارەی خەرجی بۆ بنێرن، بەڵام بانكەكان وتوویانە كە گەمارۆی ئابوری لەسەرە و ناتوانن پارەكەی بۆ ڕەوانە بكەن.”