فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، حکومەتی هەرێم هەروەک پێشووتر رایگەیاندووە هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران دەکاتەوە و “ئەگەر حکومەت داهاتی باش بێت پاشەکەوتی موچە دەخرێتە سەر هەژمارەکەیان.”
وتیشی”بە پاشەکەوتی موچە پارەی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەکان دەدرێت”.
فازڵ نەبی لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تاوتوێی کەناڵی ئێن ئاڕ تیدا ئاماژەی بەوەشکردوە، “هەرێمی کوردستان بیر لەوەدەکاتەوە بەرزکردنەوەی پلەی موچەی فەرمانبەران دەستپێبکاتەوە، هەروەها داهاتی هەرێم ئێستا هێندە باشە بەشێک لە پرۆژەکانی دەستپێکردووەتەوە.”
باسی لەوەشکردوە، “هەرێم ئێستا دۆخی دارایی باشە، دەبێت بەرزکردنەوەی موچەی فەرمانبەران دەستپێبکاتەوە، هەروەها 200 ملیارەکەی بەغداش هەتا کۆتایی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت، لەکاتێکدا دەبوو بەغدا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ 800 ملیار دیناری بۆ هەرێم رەوانە بکردایە.”
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق  دەڵێت، “داهاتی هەرێم ئێستا لە دۆخێکی باشدایە دەتوانێت بەردەوام بێت بێ لێبڕین موچە دابەش بکات، هەروەها ئەگەر 200 ملیارەکە لە بەغداوە نەیەت هەرێم هەر دەتوانێت بێ لێبڕین موچە دابەش بکات.”