ڕۆژنامەنوسێك ئاشكرای دەكات، ژمارەیەك بازرگان و كادری حزبی پەیوەندیان بە دەباشانەوە كردووە و وتوویانە”دەمانەوێ سكاڵا تۆمار بكەین دژی ئەو كەسانەی سەرانەیان لێسەندوین.

ڕۆژنامەنوس شەنكار عەبدوڵا رایگەیاند” دوایی چاوپێکەوتنەکەی بافڵ تاڵەبانی زۆر کەس پەیوەندییان بەدەباشانەوە کردووە، بەشێک لەوانە کادری حزبی بوون و وتویانە ئێمە پێشتر بەرچاومان روون نەبووە، بەڵام ئێستا زۆر شتمان بۆ رووب بووەتەوە، بۆیە پشتگیری بافڵ تاڵەبانی دەکەین لەمەودوا”.

وتیشی” بەشێکی تر خەڵکانی سەرمایەدار بوون لەبازاڕەکانی سلێمانی، بەتایبەتی بازاڕەکانی شەوکەتی مەلا و دۆلارەکە و جگەرەکە وتویانە دەمانەوێ سکاڵا تۆمار بکەین و پێشتر ترساوین ئەم بابەتە سیناریۆبێ، بەڵام ئێستا ئیتر هەموو شتێ روون و ئاشکرایە و پێشتر سەرانەمان لێسەندراوە و رفێندراوین، لەلایەن براکانی لاهور شێخ جەنگی و دارودەستەکەیەوە”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، كە سەرچاوەیەك لە دەباشان پێی وتووە” لەسبەینێ یەکشەممەوە پێشبینی دەکەین هەڵمەتێکی سکاڵا تۆمارکردن دەستپێبکات و دوورنییە بافڵ تاڵەبانیش لەسەر بابەتی ژەهرخواردنەکەی سکاڵا تۆمار بکات، بەڵام هێشتا یەکلای نەبووەتەوە سکاڵا تەنیا لەدادگاکانی کوردستان دەکات، یان دەچێتە دادگای لەندەن”.

بەپێی یاسای عێراقی هەر تاوانێ لە عێراقداکرابێ، لە تایبەتمە دادگای عێراقیە و دەبێ لێرە دادگاییەکە بەڕێوەبچێ، لەهەرێمی کوردستانیش بەهەمان شێوەیە، واتا دادگای هەرێم و عێراق دەتوانن ئەو سکاڵانە یەکلایی بکەنەوە.