بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەكێتی دەڵێت، “لاهوور دەزگای زانیاری بەکارهێنا، بۆ ئەو کودەتایەی کە ئێمە هەڵمانوەشاندەوە، بەشێک لە دەزگای زانیاری زاڵ بوو بەسەر هەموو ئۆرگانێکی ئەم حیزبە [حیزبی یەکێتی]، دەمێک ساڵە ئێمە لە حیزب ناچین.. هەڵبژاردنمان نەکردووە بێ لیستی دەزگای زانیاری”.
 
 
بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەك میدیا، كە شەوی ڕابردوو بڵاوکرایەوە باسی کێشە نێوخۆییەکانی نێو یەکێتی و رەوشی پێش گۆڕانکارییەکانی 08-07-2021 کرد و رایگەیاند، نزیکەی 40٪ تاوەکو 50٪ی کادیری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەیاندەوێرا ئاسیاسێڵ بەکاربهێنن و زیاتر متمانەیان بە دەزگای پاراستن بوو لە دەزگای زانیاری.
 
 
تاڵەبانی وتیشی”دەزانی بەش هەبوو لەنێو دەزگای زانیاری رێک کاری لەسەر ئەخلاقی خەڵک کردووە لەنێو حیزبەکە.. وەتسئەپ بۆ سەرکردایەتییەکان دەنێردرا ‘وا دەنگ بدەن’، ‘وا دەنگ مەدەن’، چاویان لە کادیرەکانمان سوور دەکردەوە”.
 
 
هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، دەزگای زانیاری لەم ساڵانەی دواییدا وەک بیزنیزی لێهاتبوو بۆ بەهێزکردن و دەوڵەمەندکردنی چەند کەسێک. گوتیشی، بارودۆخەکە گەیشتە ئەو ئاستەی کە سیخوڕ لەنێو ماڵی مام جەلالدا هەبێت. “بەڵی من لێرە بۆتان رووندەکەمەوە کە سیخوڕم لەناو ئەم ماڵە دۆزیوەتەوە، نەک سیخوڕی حیزبێک یان وڵاتێکی دیکە، سیخوڕی دەزگای زانیاری.. بەڵی من دەرمانخوارد کراوم و بەڵگەشم لایە”.
 
 
بافڵ تاڵەبانی، ئاشكرایكرد”دەیان کادر هەیە کۆبوونەوەیان کردووە، دواتر تەلەفۆنیان بۆ کراوە و پێیان راگەیێندراوە کە جارێکی دیکە بەو جۆرە قسە نەکەن” و هەڕەشەی ئەوەشیان لێکراوە کە ئەگەر پابەندی ئەو داوایە نەبن، ئەو کاتە راگەیاندنی سێبەریان تێبەردەدەن و رێگە نادەن لە هەڵبژاردندا دەربچن، ئەگەر ببنە كاندید.
 
 
هاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا کە گۆڕانکارییەکانی نێو حیزبەکەی کراون، زۆر شت گۆڕدراون، بافڵ تاڵەبانی لە رۆژنامەڤانەکان دەپرسێت، “بزانن چەند بزنسمان لە 8ـی مانگەوە [مانگی تەممووز] رفێنراون، ئەی پێش 8ـی تەممووز چەند بزنسمان دەرفێنران؟”
 
 
هاوسەرۆکی یەکێتی دەڵێت، خەڵکێکی زۆر دەستخۆشی لێدەکەن لە بەرامبەر هەنگاوەکانی و گوتی، دوو مانگە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە زمانی جنێودان و سووکایەتیکردن بە بەرپرسان و کەسایەتییەکان و هاونیشتمانیان خاوێن بوونەتەوە.
 
 
تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە 8ی تەممووزەوە سەرانە وەرگرتن لە سنووری سلێمانی کۆتاییهاتووە.