سەرۆکی دەزگای لوتکە ئاشکرای دەکات، تورکیا تائێستا زیاتر لە ٣٠٠ کۆچبەری کوردی ڕادەستی سوریا کردووە، هەروەها لەبارەی چارەنوسی ٦٠کۆچبەرە کوردەکەی دەست بەرەی نوسرەوە دەڵێت: لەڕووی ئەمنی و خۆراک و ژیانەوە سەقامگیرنین، هەوڵی تەواوەتیمان داوە لە ئایندەیەکی نزیکدا بیانگەڕێنینەوە هەرێم.

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا،  تورکیا ٦٠کۆچبەری ڕادەستی گرووپە چەتەکانی بەرەی نوسرەی کردن و ئێستا لە ناوچەی عەزازی حەلەبن لە وڵاتی سوریا

ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران وتی، لە ساڵی ٢٠١٧وە تا ئێستا بەچەند گروپێکی جیاواز تورکیا زیاتر لە ٣٠٠کۆچبەری کوردی ڕادەستی بەرەی نوسرە کردووە لە سوریا، هۆکاری سەرەکییش ئەوەیە، کە کۆچبەرەکان لەلایەن قاچاخچی و باندەکانەوە وەها ئامۆژگاریی دەکرێن، کە خۆیان بە خەڵکی سوریا لەقەڵەم بدەن بۆ ئەوەی ئازادبکرێن.

ئاری جەلال
ئاری جەلال

لەبارەی ناسنامەی ئەو کۆچبەرانەوە وتی، ئەو ٦٠ کۆچبەرە کوردە خەڵی شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانن و زۆبەیان خەڵکی سنووری پارێزگای سلێمانین، تەمەنیان لە ١٦ساڵەوە دەستپێدەکات تا سەرووی ٢٥ساڵ، لە کامپێک بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە غازی عەنتاب لە تورکیا دەستبەسەربوون دواتر لەلایەن تورکیاوە ڕادەستی سوریاکراون، هەرچەندە خۆیان ئاشکرا کردووە و وتوویانە کە ئێمە هاوڵاتی سوری نین بەڵام ناسنامە و بەڵگەیان پێنەبووە تا بیسەلمێنن.

سەبارەت بە باروودۆخیان وتی، لە ئێستادا بەهۆی جەنگ و پشێوییەکانی سوریا بارودۆخی ئەمنییان سەقامگیرنییە و لە ڕووی خۆراک و ژیانیشەوە دۆخیان گونجاونییە، بەو پێیەی لە کامپدان و خراونەتە لای کۆچبەرە ناوخۆییەکانی دیکەی سوریا، بەڵام ئەمە کاتییە و هەوڵی تەواومان داوە بە پارێزراوی بیانگەڕێنینەوە.

ئاری جەلال، ئاماژەی بەوەش کرد، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەیانگەڕێننەوە بۆ هەرێم و وتی: ئێمە وەک دەزگای لوتکە کاری جدیمان لەسەر ئەو بابەتەکردووە و هەموو بەڵگەنامە پێویستەکانمان ئامادەکردووە و هەرێمی کوردستانیش ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ گەڕاندنەوەیان، دوای ڕادەستکردنی بەڵگەنامەکان بە ئەنقەرە و بەغدا، بە هەوڵ و بەدواداچوونەکانی دەزگای لوتکە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

 

سەرچاوە: ڕۆژنیوز