لە ئێران لە ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ٥١٥ كەس دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ گیانیان لەدەستداوە، بەوەش ژمارەی ئەو كەسانەی تا ئێستا بەهۆی ئەو پەتا جیهانگیرەوە لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ ١١٠ هەزار و ٦٤ كەس.

وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە، لە ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ٥١٥ تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ٢٠ هەزار و ٤٠٤ حاڵەتی نوێی تووشبوون بەو پەتایە تۆمار كراوە و سێ هەزار و ٤٧٩یان لە نەخۆشخانە چارەسەری پزیشكیی وەردەگرن.

بەوجۆرە تا ئێستا ١١٠ هەزار و ٦٤ تووشبووی كۆرۆنا لە ئێران گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی تووشبووانیش گەیشتووەته،‌ پێنج ملیۆن و ١٠٣ هەزار و ٥٣٧ كەس. حەوت هەزار و ٧٤٤ تووشبوو لەژێر چاودێریی چڕی پزیشكیدان.

تا ئێستا دۆزی یەكەمی ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ ١٩ ملیۆن و ٣٤٠ هەزار و ٣٨٥ كەس و دۆزی دووەمی ڤاكسینەكەیش بۆ نۆ ملیۆن و ٥٠٢ هەزار و ٦٧٩ كەس بەكارهێندراوه لە كاتێكدا ژمارەی دانیشتووانی ئێران نزیكەی ٨٣ ملیۆن كەسە.یەكەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە ئێران لە ١٩ی شوباتی ٢٠٢٠ لە شاری قوم تۆمار كرا.

بەپێی پلەبەندی مەترسی لە سەرتاسەری ئێراندا، ٢٤٦ شار لە ئاستی “زۆر مەترسیدار” و بە رەنگی “سوور” دیاریی كراون و ١٤٤ شار لە ئاستی “مەترسیداری مامناوەن” بە رەنگی “پرتەقاڵی” و ٥٨ شاری دیكەیش لە ئاستی “كەم مەترسیدار” بە رەنگی “زەرد” دیاریی كراون.