په‌رله‌مانتارێكى كوردستان په‌یامێك ئاراسته‌ى ئه‌و ماڵانه‌ ده‌كات سزای‌ نەبەستنى پێوەری‌ ئاویان بۆ هاتوەتەوە، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، “داوا لەهاوڵاتیان دەکەم سزای‌ نەبەستنی‌ پێوەری‌ ئاو نەدەن، چونکە سزاکە پاڵپشت نییە بەیاسا”.

عومه‌ر گوڵپى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌فه‌یسبوكى خۆى نوسیویه‌تى:”سزای‌ نەبەستنی‌ پێوەری‌ ئاو پاڵپشتە بەڕێنمایی‌ ژمارە (1)ی‌ ساڵی‌ (2018) ئەویش پشتی‌ بەماددەیەکی‌ یاسایی‌ بەستوە کە بریتیە لەبڕگەی‌ (سێیەم)ی‌ مادەی‌ (حەوتەم)ی‌ یاسای‌ ژمارە (12)ی‌ ساڵی‌ (2010)ی‌ تایبەت بەهەیکەلی‌ وەزارەتی‌ شارەوانی‌ کە یاسایەکی‌ گشتیەو بەهیچ جۆرێک ناچێتە بواری‌ بابەتی‌ سەرپێچییەکان، لەبەرامبەردا پەرلەمان بەژمارە (4)ی‌ ساڵی‌ (2021) یاسای‌ پاراستنی‌ پڕۆژەو تۆڕەکانی‌ ئاوو ئاوەڕۆى لەهەرێم دەکردوە کە یاسایەکی‌ تایبەتمەندە بەسەرپێچییەکان‌و هەموو کەلێنەکانی‌ ئەو بوارەی‌ پڕکردوتەوە”.

ده‌شڵێت:”لەکاتی‌ گفتوگۆی‌ یاساکەدا، سەرجەم ئەندامانی‌ پەرلەمان هاوڕابون لەسەر لابردنی‌ مادەی‌ پەیوەست بەپێوەری‌ ئاوو سزاكانى، ئەوەش بەهۆی‌ خراپی‌ پرۆسەکەو کەم‌و کورتییەکانی‌‌و نەگونجانی‌ لەگەڵ دۆخی‌ خراپی‌ ئاوی‌ خواردنەوەی‌ هاوڵاتیان لەژمارەیەک شارو شارۆچکە”.

له‌و ڕوه‌وه‌ داوا لەهاوڵاتیان ده‌كات، “سزای‌ نەبەستنی‌ پێوەری‌ ئاو نەدەن، چونکە سزاکە پاڵپشت نییە بەیاسا، بێجگە لەو تێبینی‌‌و کەم‌و کورتیانەى لەپرۆسەکەدا هەیە، تائەوکاتەی‌ حکومەت یاسای‌ ژمارە (4)ی‌ ساڵی‌ (2021) جێبەجێدەکات کە یاسایەکە تازە دەرچوەو پێویستە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕێنمایی‌ نوێی‌ بۆ دەربکەن بۆ جێبەجێکردنى، هەروەها لەکاتى دەرکردنى ڕێنماییشدا پێویستە ڕەچاوی‌ تێبینی‌‌و کەم‌و کورتیەکانی‌ پێوەرەکەو سکاڵاى هاوڵاتیان بکرێت، هەروەها ڕەچاوى دۆخی‌ خراپی‌ ئاوی‌ خواردنەوەی‌ ژمارەیەک شارو شارۆچکە بکرێت”.

داواى ئه‌وه‌ش ده‌كات، “سەرۆکایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران‌و وەزارەتی‌ شارەوانی‌‌و گەشت‌و گوزار، کارکردن بەڕێنماییەکە ڕاگرن‌و سزای‌ هیچ هاووڵاتییەک نەدەن بەو هۆیەوە، هەروەها فەرمانگە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێرن بەوەڵامدانەوەى کێشەو گرفتەکانى پرۆسەى پێوەرى ئاوو کێشەکانى‌و خواستى هاوڵاتیانەوە”.