بافڵ تاڵەبانی لەبارەی ژەهرخواردکردنی ئاشكرایكرد”من دەرمانخوارد کراوم و بەڵگە و دانپێدانانی خەڵکم هەیە”، سەبارەت بە بڵاونەکردنەوەی بەڵگەکان دەڵێت، “گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکەم کە ئایا، یەکەم: بدرێتە دادگە، دووەم: لە کوێ بدرێتە دادگە” لە هەرێمی کوردستان یان وڵاتێکی دیکە.
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چاوپێككەوتنێكدا لەگەڵ ژمارەیەك میدیایی كوردستان، وەڵامی چەند پرسیارێکی رووداوی دایەوە. لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی “هیچ نزیک نەبووینەتەوە و هیچ دانیشتنێکمان ئەنجامی باشی نەبووە، بڕوا ناکەم بتوانین بە کۆبوونەوەی داخراو کێشەکان چارەسەر بکەین” هەروەها دەشڵێت، لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکێکی “بێدەسەڵاتە” و بەشداری هەڵمەتی هەڵبژاردن ناکات.
لە 25-08-2021 مەکتەبی سیاسیی یەکێتی داوای لە لاهوور شێخ جەنگی کرد لە 72 کاژێردا هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵێت، بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، بڕیارەکە بۆ لاهوور شێخ جەنگی نێردرا و بڕیارەکەی بە دڵ نەبووە و وتوویەتی، “سەرکردایەتیی یەکێتی دەبێت داوای لێبکەن”. بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، “ئەوە سەرکردایەتیش پێیگوت، بەڵام دیارە بڕیاری داوە نەڕوات، چونکە لە 124 ئەندامی سەرکردایەتی 104 ئەندام پشتیوانی ئەو بۆچوونە بوو”.
لە 08-07-2021 کۆمەڵێک گۆڕانکاری لەنێوخۆی یەکێتی روویدا کە بە گۆڕینی بەرپرسی دەزگای زانیاری و فەرماندەی دژەتیرۆر دەستیپێکرد. بافڵ تاڵەبانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی گۆڕانکارییەکانی دوای 8ی تەممووز لە نێو یەکێتی جەختی لەوە کردەوە “گەڕانەوە بۆ پێش هەشتی مانگ [مانگی تەممووز] نییە”.
دوای گۆڕانکارییەکان، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە ئەو رووداوانە دەستی دەرەکییان لە پشتە، بافڵ تاڵەبانی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە دەڵێت، ئەو گوتانەی کە گوایە لایەن و وڵاتی دیکە رۆڵیان لەم گۆڕانکارییانەدا هەبووە دوورن لە راستییەوە، “نە تورکیا ئاگاداری گۆڕانکارییەکان بوو و نە پارتی و نە ئێرانیش رۆڵیان تێدا هەبوو”.
بافڵ تاڵەبانی بانگەشەی ئەوە دەکات کە دوای ئەو گۆرانکارییانە هەڕەشەکردن و جنێودان لە سنووری پارێزگای سلێمانی کەمبووەتەوە و لەبارەی دۆخی یەکێتی پێش ئەو گۆڕانکارییانەش بەبێ ئاماژەدان بە ناوی هیچ کەسێک دەڵێت، “ئەنجامی گفتوگۆکردن ئەوە نییە هێز بنێریتە سەر کارگێڕێکی مەکتەبی سیاسی و شەقامەکە دابخەیت و دەرگەکە بشکێنیت و پێڵاوەکەت بخەیتە سەر مێزەکەی و هەزار هەڕەشە و جنێوی بۆ بنێریت”، دەشڵێت، پێش گۆڕانکارییەکان “هێز نێردراوەتە سەر کارگێڕی مەکتەبی سیاسی”.
یەکێک لە گۆرانکارییەکان دوای 8ـی تەممووز، داخستنی کەناڵی ئایپڵەس بوو کە نزیک بوو لە لاهوور شێخ جەنگییەوە و تاوەکو ئێستاش دەستی بە پەخش نەکردووە، بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، لەنێو باڵەخانەی ئایپڵەس دەیان پەیج بەڕێوەدەبران کە لێیانەوە جنێو بە هەموو کەس دەدرا.
هەروەها بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، “من پێم وانییە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە جنێو و بە فەیسبووک بتوانێت لە هیچ حیزبێکی دیکە بباتەوە”. هەروەها دەشڵێت، “پێموایە دوای 8ـی مانگ دەرفەت زیاترە بۆ ئەوەی کورد یەکڕیز بێت بە تایبەت لە بەغدا، چونکە بابەتی رقی شەخسی نەماوە لە نێوانمان”.
لە 31-08-2021، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکانی 31ـی ئابی 1996 بڵاوکردەوە، بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، “ئەوە کاری مەکتەبی سیاسی بوو و، منیش پشتیوانیی هەموو بڕیارێکی یەکێتیم”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، “ئێمە باوەڕمان بە یەکڕیزیی کوردە، بەتایبەتی لە بەغدا، ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە، کێشە زۆر هەیە لە دەوروبەرمان، ئێمە باوەڕمان وایە کە کورد دەبێت لە بەغدا یەکدەنگ و یەکڕیز بێت، زۆر ئاساییە کە لێرە [ هەرێمی کوردستان] موناقەشەی چەند شتێکی زۆر بکەین، و کێبڕکێی یەک بکەین”.
بافڵ تاڵەبانی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی دوای 8ـی تەممووز و ژەهرخوارکردنی چی دەڵێت؟
بەشێک لە خەڵک گۆڕانکارییەکانی نێوخۆی یەکێتی بە “کودەتا” ناودەبەن، بەڵام بافڵ تاڵەبانی بەپێچەوانەوە بیر دەکاتەوە دەڵێت، “حەز دەکەم بۆتان روونبکەمەوە کە ئەوە هەڵوەشاندنەوەی کودەتا بوو، دەمێک ساڵە لەنێو ئەم حیزبە [یەکێتی] کودەتا کراوە، باسی لاهوور دەکەیت، لاهوور دەزگا ئەمنییەکانی بەکارهێنا بۆ ئەو کودەتایەی کە ئێمە هەڵمانوەشاندەوە”.
لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی کێشەکانی نێوخۆی یەکێتی میدیای فەرمیی حیزبەکە بانگەشەی ئەوەیان کرد کە هەوڵی ژەهرخواردکردنی بافڵ تاڵەبانی دراوە، بەڵام دوای چەند کاژێرێک ئەو هەواڵانە سڕانەوە. بافڵ تاڵەبانی دووبارە جەخت لەوە دەکاتەوە و دەڵێت، “من سیخوڕم لە نێو ئەم ماڵە دۆزیوەتەوە، سیخوڕی حیزبێک یان وڵاتێکی دیکە نەبوو، سیخوڕی دەزگای زانیاری بوو.. من دەرمانخوارد کراوم، بەڵگەشم هەیە کە من دەرمانخوارد کراوم لە نێو ماڵی خۆم، دانپێدانانیشم هەیە، دەرمانەکەش دۆزراوەتەوە”.
بافڵ تاڵەبانی لە قسەکانیدا بەردەوام دەبێت لە رەخنەگرتن لە دەزگای زانیاری پێش 8ـی تەممووز و دەڵێت، “بەشێک لە دەزگای زانیاری زاڵ بوو بەسەر هەموو ئۆرگانێکی ئەم حیزبە [یەکێتی].. هەڵبژاردنمان نەکردووە بەبێ لیستی دەزگای زانیاری، هیچ بەرپرسێکی ئەم حیزبە بەو شێوەیە دەزگای بەکارنەهێناوە.. هیچ بەرپرسێکی ئەم حیزبە ناوی دژە تیرۆری بەکارنەهێناوە بۆ بەهێزکردنی خۆی”.
هەروەها ئاماژە بەوەش دەدات، “دەزانیت 40 بۆ 50٪ـی کادیری یەکێتی نەیدەوێرا بە سیمکارتی ئاسیا قسە بکات، دەزانیت ئەوە چ تاوانێکە.. ئەوە واتەی ئەوەبوو کە متمانەیان بە دەزگای پاراستن زیاتر بوو تاوەکو دەزگای زانیاری، بەش هەبووە لە دەزگای زانیاری کە کاری کردووە لەسەر ئەخلاقی خەڵک لە ناو حیزبەکە”.
لەبارەی گۆڕانکاری لە هەردوو پۆستی بەرپرسی دەزگای زانیاری و فەرماندەی دژە تیرۆر کە بووە هۆی نیگەرانبوونی لاهوور شێخ جەنگی، بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، “ئێمە ئەمری حکومەتمان جێبەجێکرد، نوێنەری ئێمە لە حکومەت کاک قوبادە، ئەو بڕیاریدا گۆڕانکارییەکە رووبدات، ئێمەش پشتیوانی بووین و جێبەجێمانکرد”.
دوای چەند رۆژێک لە کێشەکانی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی، لە راگەیێندراوێکدا کە لە پەڕەی فەرمیی فەیسبووکی بافڵ تاڵەبانی بڵاوکرایەوە، بافڵ تاڵەبانی وەکو “سەرۆکی یەکێتی” ناسێندراو بوو، لەو بارەوە دەڵێت، “من ئەو فەیسبووکە بەڕێوە نابەم و کاتێک ئەوەم بینی بەزووترین کات پێم گوتن کە ئەوە راست نییە”.
بافڵ تاڵەبانی ئاماژە بەوە دەکات، لە دوای گۆڕانکارییەکانی نێوخۆی حیزبەکەی سەرانەوەرگرتن، رووداوی کوشتن و رفاندنی بازرگان لە سلێمانی کەمبووەتەوە. هەروەها بەئاماژەدان بەوەی کە پێشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند پەیجێک بۆ دژایەتیکردنی بەشێک لە بەرپرسان بەکارهێنراوە و لە دوای گۆڕانکارییەکانی نێو یەکێتی ئەو رووداوانە کەمبوونەتەوە، دەڵێت، “لە 8ی مانگەوە، یەک جنێو بە کوڕەکانی کاک نەوشیروان [رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان] نەدراوە، یەک جنێو بە دکتۆرە رێواز [سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان] نەدراوە”.
پەیوەندیی یەکێتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە چی لێدێت؟
بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیارە بە یەک لیست بە ناوی “هاوپەیمانیی کوردستان” بەشداریی هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق بکەن کە لە 10-10-2021 بەڕێوەدەچێت. بافڵ تاڵەبانی ئاماژە بەوە دەدات لەگەڵ گۆڕان پەیوەندییان نزیکە و دەڵێت، “ئێمە بەرنامەمان ئەوە نییە کە بۆ یەک هەڵبژاردن نزیک بینەوە، بەڵکو بتوانین لایەنی دیکەش بهێنینە هاوپەیمانێتییەکە، ئامانجی ئێمە ئەوەیە باڵانسی هێز لە کوردستان بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستان راست بکەینەوە.” هەروەها هیوا دەخوازێت لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان نزیکتر بکەونەوە و “بەڵکو دوایی یەکبگرینەوە، زۆر حەز دەکەم” ئەوە رووبدات.
هەروەها لەبارەی فراوانکردنی لیستەکەیان دەڵێت، ئامانجیان ئەوەیە کە چەندین هاوپەیمانێتییەکە گەورەتر بکرێت و چەندین لایەنی دیکە کۆبکەنەوە.
بافڵ تاڵەبانی ئاماژە بەوە دەدات، “ئامانجی من ئەوەیە یەکێتی حیزبی ژمارە یەکی کوردستان بێت.. دەمەوێت زۆرینەی پەرلەمانی کوردستان یەکێتی بێت”.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دەنگۆی ئەوە هەبوو کە هەرێمی کوردستان بکرێتە دوو بەش، بەڵام بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، “ئێستا لە نێو یەکێتی بۆچوونێک نەماوە کە بیەوێت هەرێمی کوردستان بکاتە دوو بەش.. ئەوە کفرە، خیانەتە”.