ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، سبەی هەینی کاریگەری بارستە ھەوای فێنک دەستپێدەکات و پلەکانی گەرما بەرێژەی ٢ تا ٤ پلە نزمدەبنەوە.
ئەو کەشناسە لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، “سبەی ھەینی 3ی ئەیلولی 2021، لە ئەنجامی دەستپێکردنی کاریگەری بارستە ھەوای فێنکی ئەوروپا و کشانەوەی بەڕەھەوای گەرم لەسەر ناوچەکانمان پلەکانی گەرما لەتەواوی ناوچەکانی ھەرێمدا بەتێکرای ٢ تا ٤ پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە و لەسەنتەری پارێزگاکانی ھەرێم ( سلێمانی ٣٨ پلە ، ھەولێر ٣٩ پلە ، دھۆک ٣٧ پلە، ھەڵەبجە ٣٩ پلە ، کەرکوک ٤٠ پلە ) و لەناوچەکانی گەرمیان نزمدەبێتەوە بۆ نێوان ٤٢ تا ٤٤ پلەی سیلیزی.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، ” ئاسمان ساماڵ دەبێت و خێرایی با چالاک دەبێت لەکاتەکانی نیوەرۆ بۆ ئێوارەدا بەخێرای ٢٠-٤٠ کم/س لە ئاراستەی باشوری رۆژئاواوە .”
ئەوەشی خستووەتەڕوو، “کاریگەری ئەم بارستە ھەوا فێنکە رۆژانی شەممە و یەکشەمە زیاتر دەبێت و پلەی گەرما لەماوەی ئەو دوو رۆژەدا بەرێژەی یەک بۆ دوو پلەی سیلیزی نزمتر دەبنەوە، تا ناوەراستی ھەفتە و رۆژی سێشەمە 7ی ئەیلول کاریگەری دەبێت لەسەر نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما لەناوچەکەدا .”