فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە روونکردنەوەیەکدا رەتیدەکاتەوە کە بکوژی جوانڕۆی باڵەبان لە هێزەکەى ئەوان بێت و لەلایەن دادگاوە داوا کرابێت، جەختیش دەکاتەوە هەر داوایەک لەدادگاوە ئاڕاستەیان بکرێت پابەندى دەبن.
لەروونکردنەوەکەدا فەرماندەیی زێرەڤانى رایگەیاندوە،گوایە تۆمەتباری کەیسەکە ئەفسەرێکی زێرەڤانییە بە پلەی عەقید و دەزگا ئەمنییەکان ئامادە نین دەستگیری بکەن، لێرەوە بۆ ڕای گشتی رایدەگەیەنین کە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی پارێزەرێکی سەرسەختی یاسایە و بەهیچ شێوەیەک لەلایەن دادگا و دەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکەوە داوای هیچ ئەفسەرێکی ئێمە بەو پلەیە یان هەر پلەیەکی دیکە سەبارەت بەو کەیسە نەکراوە بۆ ئەوەی لەبەردەم یاسا ئامادە بێت.
ئاماژەى بەوەشکردوە، هەرکاتێکیش داوایەکی وا هەبێت بێ دواخستن جێبەجێ دەکرێ هەروەک لە پێشووتردا چەندین حاڵەتی داواکاری دادگا هەبووە و لەلایەن فەرمانگەی یاسایی زێرەڤانییەوە بە ڕێوشوێنی یاسایی و سەربازی، داواکراو ڕەوانەی دادگا کراوە ئیجرائاتی پێویست وەرگیراوە.
22ی حوزەیرانی ئەمساڵ کاتژمێر 05:00ی بەرەبەیان تەرمی جوانڕۆ کەریم ناسراو بە جوانڕۆی باڵەبان کە تەمەنی 44 ساڵە لە گوندی (پەلکە رەش) سەر بە ناحیەی (دێگەڵە) دۆزرایەوە کە ناوبراو پێشمەرگە بووە لە وەزارەتی پێشمەرگە، تائێستاش بکوژانى ناوبراو نەدرۆزاونەتەوە، کەسوکارو پارێزەرى ئەو دۆسییەش دەڵێن، تۆمەتبارەکان شوێنەکانیان دیاریکراوە، بەلام دەستگیر ناکرێن.