سەرۆکی “هاوپەیمانیی کوردستان” لەگەڵ كاندیدانی هاوپەیمانییەکە کۆبووەوە و پێی راگەیاندن، “دەبێت بەیەکەوە کار بۆ زامنکردنی مووچە و سەقامگیری و خزمەتگوزاری بکەن”.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی ئەیلوولی 2021 قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی کوردستان لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ كاندیدانی هاوپەیمانییەکە پێی راگەیاندوون، “لەبەردەم ئاڵنگارییەکی گەورەدان”، وتووشیەتی “خەڵکی کوردستان داواکاریی رەوای هەیە و پێویستە دوای سەرکەوتنتان بە جۆریک کار بکەن کە لە ئاستی چاوەڕوانیی خەڵکدا بن و دە‌بێت بەیەکەوە کار بۆ زامنکردنی مووچە و سەقامگیری و خزمەتگوزاری بکەن”.
 
کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ كاندیدەكانی هاوپەیمانیی کوردستان بە ئامادەبوونی دەرباز محەممەد، رێگە‌پێدراوی فەرمیی هاوپەیمانییەکە؛ ئاسۆ مامەند و یاسین حەمە عەلی، بەرپرسانی هەڵبژاردنی هاوبەشی هاوپەیمانیی کوردستان کۆبووەتەوە و باسیان لە ئامادەکارییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن و ئەرکی سەر شانی بەربژێرەکان کردووە.
 
لەبارەی گرنگیی هاوپەیمانیی کوردستان، سەرۆکی هاوپەیمانییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، “ئەم هاوپەیمانێتییە هەوڵێکی جیددیە بۆ بەدیهێنانی خەونی خوالێخۆشبووان مام جەلال و کاک نەوشیروان، ئەو خەونەش ئامانجی گەورەی هەیە، بۆیە دەبێت بیسەلمێنین و کار بۆ بەجێهێنانی دروشمە سەرەکییەکەمان بکەین کە (بەیەکەوە بەهێزترین)”.
 
قوباد تاڵەبانی دەڵێت، دەبێت یەکێتی و گۆڕان و بەربژێرەکانی هاوپەیمانیی کوردستان “کار بۆ ئەوە بکەین کە زۆرترین بەربژێر بنێرینە بەغداد لەپێناو بەدیهێنانی ماف و خواستی هاووڵاتییان، چونکە ئێمە دەتوانین لە بەغدا بە یەک دەنگی کار بۆ بەدیهێنانی ئەو داواکارییانە بکەین”.