لە ئەنجامی وەرگەڕانی پاسێك لە رۆژهەڵاتی كوردستان لانی كەم 16 زیارەتكاری خەڵكی گوندێكی مەریوان گیانیان لەدەستدا.
خەڵكی گوندی پیرسەفای مەریوان بە پاسێك بۆ زیارەتی وەیس قەرەنی (حەزرەتی وەیس) لە نزیك كرماشان، رۆیشتوون، بەڵام پاسەكەیان لە نزیك گوندی تفێن لە دۆڵی پاڵنگان وەرگەڕاوە و كەوتووەتە نێو رووبارێكەوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، 16 كەس لە سەرنشینەكانی ئەو پاسە گیانیان لەدەستداوە.
ئێران یەكێك لەو وڵاتانەیە كە بۆ مردن بە رووداوەكانی هاتووچۆ پلەیەكی بەرزی هەیە. خێرایی لە لێخوڕین، خراپی رێگاوبان، كوالێتی نزمی ئۆتۆمبێل، سەرنجنەدان و خەواڵوویی شۆفێرەكان هۆكارە گرنگەكانی روودانی رووداوەكانی هاتووچۆن.