دوای پێنج مانگ لە دەركردنی و نەهێشتن بۆ چوونە ناو حەرەمی پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ كازم فاروق، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ گەڕایەوە ناو پەرلەمانی كوردستان.
 
ڕۆژی 31-3-2021، لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان گرژی لەنێوان سەرۆكایەتی پەرلەمان و كازم فاروق دروست بوو، دوای ئەوەی داوایكرد پرسی مووچە بخرێتە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستانەوە، دواتر ناوبراو پێڵاوەكانی داكەند و لەبەردەم سەرۆكایەتی پەرلەمان دایناو دانیشتنەكەی بەجێهێشت.
 
هەر لەو دانیشتنەدا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان بڕیاری ئەوەدرا ناوبراو نەچێتەوە ناو پەرلەمانی كوردستان هەتا ئەوكاتەی داوای لێبوردن دەكات.
 
سنورمیدیا ئەوەی زانیوە، سنورمیدیا لەڕێگەی پارتی و یەكێتییەوە هەوڵی زۆریداوە بۆ ئەوەی كازم فاروق بگەڕێتەوە ناو حەرەمی پەرلەمانی كوردستان و بۆ ئەوەش سازشیان لەسەر چەند پرسێ كردووە و بڕیاریشدراوە لە میدیا فەرمییەكانیانەوە هێرشی توند نەكەنە سەر یەكێتی و پارتی .
 
پاش پێنج مانگ، پارتی و یەكێتی لەڕێگەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە بڕیاریان داوە وەك هاوكارییەك بۆ نەوەی نوێ و ڕێگە بەكازم فاروق بدەن بچێتە پەرلەمانی كوردستان، بەڵام بۆی نەبێت بەژدرای دانیشتنی پەرلەمان و كۆبوونەوەی لیژنەكان بكات.