لەسلێمانی، نانەواخانەیەك بەهۆی سەرپێچیكردن لە مەرج و رێنماییەكانی كاركردن دادەخرێت و لیژنەی نانەواخانەكانی سەر بە قائیمقامیەتیش 44 پسوڵەی سەرپێچی تۆماردەكەن.
قائیمقایمەتی قەزای سلێمانی، بڵاویكردەوە، لەمانگی ئاب-دا لیژنەی دووی نانەواخانەكانی سەر بە قائیمقامیەت، سەردانی زیاتر لە (250) سەمونخانەو نانەواخانەی لەناو شاری سلێمانی كردووە بۆ چاودێریكردنی كارەكانیان.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لەماوەی ئەم مانگەدا، لیژنەكەی قائیمقامیەتی سلێمانی، (44) پسوڵەی سەرپێچی تۆماركردووەو (37) پسوڵەی ئاگاداركردنەوەشی بۆ ئەو نانەواخانانە كردووە، كە پابەندی مەرج و رێنماییەكانی كاركردن نابن.
لە راگەیەندراوەكەی قائیمقامیەتی سلێمانیدا هاتووە، بەهۆی دووبارەكردنەوەی سەرپێچییەوە، نانەواخانەیەك داخراوەو دەستیش بەسەر (70) سینی و (53) تاوڵەی نەشیاو بۆ برژاندنی سەمون و (192) كیلۆ سۆدە و بڕێك خورما و هەویری خراپبوودا گیراوەو بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی لەناوچەی دەرەوەی نیشتەجێبون لەناودەبرێن.