ماوەی دوو ڕۆژە پرۆژەی “ناوی من ناوی دایکمە” کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتووەتەوە و ڕەخنەی توندی لێکەوتووەتەوە، سەرۆکی لیژنەی ئەوقافیش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، لە ئیسلامدا ئەوە ڕێگەپێنەدراوە و خوا دەفەرموێت منداڵ دەبێت بەناوی باوکەوە بانگ بکرێت.
دوێنێ دووشەممە 30ی ئابی 2021، لەشاری سلێمانی بە بەشداری ژمارەیەک هونەرمەند و پەرلەمانتار و کەسایەتی ئیڤێنتێک بەڕێوەچوو تایبەت بە پڕۆژەیەک بۆ ناساندنی منداڵ بەناوی دایکەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی ئەو منداڵانەی باوکیان دیارنییە و کێشەی ناسنامەیان هەیە، بەناوی دایکیانەوە ناو بنرێن.
لە پڕۆژەکەدا چەند کەسێک ڕایانگەیاند، ئامادەن کە ناویان بگۆڕن و چیتر بەناوی دایکیانەوە بانگ بکرێن، ئەوەش هەرزوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە جێگەی ڕەخنە و کاردانەوەی لێکەوتەوە.
لەوبارەیەوە، هەورامان گەچێنەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، “لە قوئاندا هاتووە کە منداڵ بەناوی باوکەوە ناوبنرێت، نەک دایک، بۆیە ناوی منداڵ خستنەسەر ناوی دایک دەرچوونە لە شەرع و ئیسلام.”
وتیشی، “ئەمە کەمکردنەوە نییە لە ڕۆڵ و لە پیرۆزی دایک، لە ئیسلامدا دایک ڕێزێکی زۆری لێگیراوە، بەڵام ئەمە بابەتێکە لە قورئاندا هاتووە کە منداڵ بەناوی باوکەوە ناو بنرێت.”
پڕۆژەکە زیاتر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو منداڵانەیە کە لەدوای هاتنی داعش بۆ عێراق و بەتایبەت موسڵ و شنگال لە چەکدارانی داعش دروست بوون کە ژمارەیان بە زیاتر لە چوار هەزار منداڵ مەزەندە دەکرێت و نازانرێت کێ باوکیانە.
سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی باسی لەوەکرد، “ئەوە کێشەیەکی قوڵ و وردە و پێویستی بە گفتوگۆ و وەرگرتنی بۆچوونی جیاواز هەیە بۆ چارەسەرکردنی.”
هاوکات د. عیرفان ڕەشید، وتەبێژی لیژنەی باڵای فەتوای هەرێم ڕایگەیاند، “فەتوا دان لەسەر ئەو پرسە پێویستی بە کۆبوونەوەی لیژنەکەمانە و کەسێک بەتەنها ناتوانێت فەتوای لەسەر بدات، هەرکات داوامان لێکرا فەتوایەک لەوبارەیەوە دەربکەین، ئەوا کۆدەبینەوە و بە گفتوگۆ و تێگەیشتن فەتوا لەوبارەیەوە دەدەین.”