ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: لە كوردستان، زیاتر لە ٢٠٠ بەنزینخانە بەبێ مۆڵەتی فەرمی كاردەكەن، زۆرینەشیان بەرپرسانی حزبەكانی دەسەڵاتیان لە پشتە.
عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردەوە، زیاتر لە (٢٠٠ بەنزینخانە)ی قەبارە جیاواز، بەبێ بوونی مۆڵەتی حكومەت، لە كوردستان كاردەكەن، زیاتر لە نیوەی ئەمانە تەنها لەسنوری پارێزگای دهۆكن و ئەوانی تریش دابەشبوون بەسەر پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێرو هەڵەبجەو ئیدارەكانی ڕاپەڕین و گەرمیان، ئەم وێستگەی سوتەمەنیانە، بێجگە لە نەبوونی مۆڵەت یەك دینار باج بە حكومەت نادەن، هەروەها هێندێكیان پابەندی مەرجەكانی سەلامەت و ژینگەش نین، زۆرینەشیان حزبەكانی دەسەڵات و بەرپرسانیان لە پشتە، ئەگەرنا هاووڵاتیەكی ئاسایی ناتوانیێت بڕە پارەیەكی زۆر لە دروستكردنی بەنزینخانەیەك خەرج بكات و مۆڵەتیشی نەبێت! كە دروستكردنی هەر بەنزینخانەیەك نزیكەی (شەست هەزار تا یەك ملیۆن) دۆلارو زیاتر تیچوویەتی بەپێی قەبارەی كۆگاو پەمپ و دیزاینەكەی.
ئەوەشی خستەڕوو، مۆڵەتی بەنزینخانە، پڕكراوە لە ڕۆتینێكی كوشندە، كە مامەڵەكەی چواردە فەرمانگەی دەوێت، و زیاتر لە دوو ساڵیشی پێویستە تا مۆڵەتەكە تەواو دەبێت، هاووڵاتی هەیە زیاتر لە دوو ساڵە تا ئێستا وەڵامی داواكەی نەدراوەتەوە، بەڵام ئەوانەی دەستی حزب و بەرپرسانی هەردوو حزبی دەسەڵاتیان لە پشتە، پێویستیان بەو چاوەڕوانیە نییە، تەنانەت بە بێ مۆڵەتیش كار دەكەن، دروستكردنی ئەو ڕۆتینە كوشندەیەش تەنها بۆ ئەوەیە كە ژمارەی بەنزینخانە كەمتر بێت و قۆرخكاریی زیاتری تێدا بكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی ئەم دۆخە خرایەی ئیدارەدان و گەندەڵیەوە، ژمارەیەك بەنزینخانە، چ ئەوانەی مۆڵەتیان هەیەو چ ئەوانەی نیانە، بەبێ ڕەچاوكردنی تەواوی مەرجەكانی سەلامەتی و ستانداردەكان كاردەكەن، ئەگەری مەترسیشیان لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەیە، لەم بابەتەدا تەنانەت ڕەچاوی ژیانی منداڵان و قوتابخانەش نەكراوە، لە هێندێك حاڵەتیش شارەوانییەكان زەوی تەرخانكراو بۆ سەوزاییان گۆڕیوە بۆ بەنزینخانە!.
ووتیشی، بە ڕێكخستنەوەی وێستەگەكانی سوتەمەنی، جێبەجێكردنی یاساو ڕێنماییەكان و پێوەرو ستانداردەكانی ژینگەو سەلامەتی، دەتوانرێت هاووڵاتیان دڵنیا بكرێنەوە، هەروەها نرخی بەنزینیش بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزێت، چونكە یەكێك لە هۆكارەكانی گرانی نرخی بەنزین، قۆرخكاریی پێدانی مۆڵەت و دروستكردن و بەكرێدانی بەنزینخانەكانە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتە زیاتر لە شەش مانگە كار دەكەم، بەتایبەت بەدواداچوون دەكەین بۆ جێبەجێبوونی بریاری (٢١٣٤)ی ئەنجومەنی وەزیران لە (٢ی ١١ی ٢٠٢٠)، كە تایبەتە بە ڕێكسختنەوەی بەنزینخانەو كۆگاو گۆڕەپانی نەوت و بەرهەمەكانی و هێنان و فرۆشتنیان، بەپێی ستانداردەكانی سەلامەتی و كوالێتی و ژینگە، هەروەها جێبەجێبوونی یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی (٢٠٢١)، ئەمڕۆ جارێكیتر بە دوو نوسراو بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران بەدواداچوونی ترمان كرد، هەروەها هەموو ڕێكارێكی پەرلەمانی و یاسایی دەگرینەبەر، لە بەدواداچوونیش بەردەوام دەبین.