جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کەرتی تەندروستی کرد و رایگەیاند، دەبێت چاکسازی لە کەرتی تەندروستی بە تایبەت لەبواری دەرماندا بکرێت. وەزارەتی تەندروستیشی راسپارد بۆ ئەوەی پلانێک بۆ رێکخستنەوەی دابینکردنی دەرمان دابڕێژن.
 
رۆژی دووشەممە 30-08-2021 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بە ئامادەبوونی وەزیرانی دارایی و ئابووری، پلاندانان و تەندروستی، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی سەبارەت بە رێکخستنەوەی سیستەمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.
 
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و گوتەبێژی حکومەت ئامادەی بوون، پلانەکانی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی پەرەپێدان و باشترکردنی کەرتی تەندروستی و بەگەڕخستنی سیستەمی بیمەی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان خرایەڕوو.
 
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێکی لەبارەی کار و پلانەکانی وەزارەت بۆ چاکسازی و چۆنییەتی باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتیان و بەگەڕخستنی سیستەمی بیمەی تەندروستی خستەڕوو، بە شێوازێک کە خزمەتی تەندروستی باشتر پێشکەش بە هاووڵاتیان بکرێت.
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە دەبێت چاکسازی لە کەرتی تەندروستی بەتایبەت لەبواری دەرماندا بکرێت. بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد كاری بەپەلەی لە‌سە‌ر بکەن.
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت “دەبێت هاوسەنگیی و کێبڕکێ لە نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتی تەندروستی هەبێت بە شێوازێک کە هاووڵاتیان تێیدا سوودمەند بن.”
 
لەبارەی دابینکردنی دەرمان لە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد کە پلانێک بۆ رێکخستنەوەی دابینکردنی دەرمان لە هەرێمی کوردستان دابڕێژن.
 
قوباد تاڵەبانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە کار لەسەر بەگەڕخستنی سیستەمی بیمەی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان بکەن بەشێوازێک کە کەرتی تەندروستی باشتر بێت و خزمەتی باشتر بە هاووڵاتیان بکات.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، د.سامان بەرزنجی، وە‌زیری تە‌ندروستی راپۆرتێكی لە‌بارەی پێداویستییە‌‌كانی تە‌ندروستی بە‌تایبە‌ت بۆ پرسی رووبە‌ڕووبوونە‌وە‌ی كۆرۆنا خستە‌ڕوو، راوسە‌رنجیش لە‌بارە‌یە‌وە‌ وە‌رگیرا و بڕیارە‌ دواتر ئە‌نجوومە‌نی وە‌زیرانیش بڕیاریان لە‌سە‌ر بدات.