بەوتەی پارێزگاری سلێمانی نرخی بەنزین لە 730 دینارەوە بۆ 690 دینار دادەبەزێت و دەشڵێت، پێش هاتنی وەرزی زستان هەر ماڵێک بەرمیلێک نەوتی پێدەدرێت. 

 

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ میدیای فەرمیی حزبەکەی ڕایگەیاند، “قسەمان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بەنزینخانەکان کردووە و داوامان کردووە ئەو بەنزینەی کۆمپانیای کار بۆ سلێمانیی دەنێرێت نرخەکەی لە 690 دینار زیاتر نەبێت.”

 

وتیشی، “ئەو 360 هەزار لیترەشی کە بە بڕیاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ سلێمانی دێت هەر بەهەمان نرخ دەفرۆشرێت و ڕەزامەندیمان بۆ ئەوە وەرگرتووە، چونکە خۆی نرخەکەی 650 دینارە، 20 دینار بۆ کرێی گواستنەوە و 20 دیناریش بۆ قازانجی بەنزینخانەکان دەچێتەسەری.”

 

بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە “ناس کورد”ی وت “هێشتا بەنزینەکەی بەغدا نەگەیشتووە و هیچ وادەیەکیش دیارینەکراوە، بەڵام هیوادارین لەم هەفتەیەدا بگات.”

 

وتیشی، “بە هاتنی ئەو بەنزینە نرخی بەنزینی بازرگانیش هەرزان دەبێت و کاریگەرییەکی باشی دەبێت لەسەر دابەزاندنی نرخی بەنزین بە گشتی.”

 

هاوکات پارێزگاری سلێمانی ئەوەی ڕاگەیاند، “بە بڕیاری حکومەتی هەرێم و بە پشت بەستن بە بەغدا پێش وەرزی زستان هەر ماڵێک بەرمیلێک نەوتی پێدەدرێت.”