هاوكار یاسین

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا دوای کۆتایی هاتنی لوتکەی بەغدا، لە درەنگانێکی شەودا بە فرۆکەیەکی فەرەنسی گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە پرۆتۆکۆلی سەرۆکایەتی پێشوازی لێکرا.

سەردانەکەی لەم کاتەدا بۆ هەولێر هەرچۆن لێکی بدەیتەوە گرنگ و بەبایەخە بەتایبەت کە لە چەند مانگی رابردوودا زۆرترین قسە لەسەر چارەنووسی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان کراوە.
فەرەنسا یەکێکە لە وڵاتە بەهێزەکانی دنیا و بڕیار و قسەکانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی حسابی لەسەر دەکرێت، لەم ناوچەیەش یەکێکە لە باڵادەستترین و قسە رۆشتووترین دەوڵەتانی دنیا و رۆڵی لە کێشانی نەخشەی ناوچەکە و یەکلاکردنەوەی هاوکێشەکاندا هەیە، کەواتە هاتنی سەرۆکەکەی بۆ هەرێمی کوردستان رووداوێکی گرنگ و مێژووییە و شەرعییەت دانە بە قەوارە سیاسییەکەی.
بەڵام ئەمیش خەریکە دەخرێتە سەبەتەی خزمەت بە پارتییەوە کە بێگومانم پارتیش پێی خۆشە.

بۆ ئەمە سێ هۆکار هەیە کە ئەم دیمەنە بدات بەم سەردانە و سەردانەکانی پێشتر و دواتری کەسایەتی و کاربەدەستانی وڵاتانی دنیا بۆ هەولێر.
خاڵی یەکەم واقیعی حاڵی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە کە لوتکەی هەرەمەکە لای ئەو حزبەیە و لەوەتەی مام جەلالیش نەماوە ناوەندی بڕیاری سیاسی هەرێمی کوردستان بەتەواوی لە هەولێر و پیرمامە کە جاران بەشێکی گەورەی لە دووکان بوو.
خاڵی دووەم تیمی پرۆتۆکۆلی کوردستانە کە سەرلەبەریان پارتین و حزبەکانی دیکە هەر بڕواناکەم بیریشیان لێ کردبێتەوە کە چەند گرنگە بەشێکبن تێیدا، ئەم تیمە لە رێکخستنی پرۆتۆکۆلی دیداری سەرجەم میوانەکانی هەرێمی کوردستاندا، چاوپێککەوتنی هەرسێ بارزانییەکە لە پلانی یەکەمی کارەکانیاندایە، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ناونیشانی مەسعود بارزانیش بەپێی پلەی کەسایەتی میوان دەگۆڕێت، بۆ هەندێکیان وەک سەرۆکی پارتی دەناسێندرێت، بۆ هەندێکیشیان وەک سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو سەرکردانەش کە بۆ دیدارەکانیان پلە و پۆستێکی فەرمییان پێویستە بارزانی بە ناونیشانی مەرجەعی باڵای سیاسی هەرێمی کوردستان دەناسێندرێت.
لە غیابی حزبەکانی دیکەشدا لە تیمی پرۆتۆکۆل بە تایبەت یەکێتی، نابنە بەشێک لە زۆرینەی دیدار و کۆبوونەوەکان ئەگینا خۆ یەکێتیش سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی لایە و سەرۆک کۆماری پێشوو و ئێستای عێراق و جێگری سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێستاش لە ئەندامەکانی ئەو حزبەن.
بەم هۆیەش رەنگی دیمەنی سەردانی کەسایەتییەکان ئەوەندەی بۆلای پارتی دەنوێنێت هێندە بۆ هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی خۆی نانوێنێت.
خاڵی سێهەم میدیا و سۆشیال میدیای حزبەکانی دەرەوەی پارتی و لایەنگرەکانیانە، لە سەردانی هەر کەسایەتییەکدا بۆ هەرێمی کوردستان میدیا و سۆشیال میدیای سێبەری ئەو حزبانە بێ بیرکردنەوە لە دەرئەنجامەکەی راستەوخۆ بەرگێکی زەردی بەبەردا دەکەن و وای وێنادەکەن کە سەردانەکە حزبییە و گرنگی نییە، کە من دڵنیام پارتی ئەمەی پێ خۆشە چونکە دەزانێت دەچێتە سەبەتەی خزمەت بەوەوە سبەی دەتوانێت دژ بەخۆیان بەکاری بهێنێتەوە.
سۆشیال میدیای لایەنگرانیشیان بەهەمان شێوە بەناو دەکەون و راست و چەپ زەربێ بەسەر هەموو شتێکدا دەهێنن و بەدووری مەزانە ماکرۆن وەک ئەندام ناوچە لەقەڵەم بدەن.

حزبەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان ئەگەر بیانەوێت لە دنیای دەرەوە دانەبڕێن و لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا خۆیان قەتیس نەکەن، دەبێت ئەو دۆخە بگۆڕن، بەتایبەت یەکێتی کە لەسەردەمی مام جەلالدا پێش پارتی بووە لایەنێکی سیاسی ناسراو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بوو بە ئەندامی هەمیشەیی رێکخراوی سۆسیال ئینتەرناسیۆنالی جیهانی و خودی تاڵەبانیش جێگری سەرۆکی رێخراوەکە بوو.