فەرمانبەران و کارمەندانى سەرۆکایەتى شارەوانى سلێمانى بایکۆتى دەوامیان راگەیاندو بەرپرسێکى شارەوانیش رەتیدەکاتەوە کە هەڕەشە لە هیچ کارمەندو فەرمانبەرێک کردبێت بەهۆى دەوامنەکردنەوە.

ئەمرۆ یەک شەممە فەرمانبەران و کارمەندانى شارەوانى سلێمانى بایکۆتى دەوامیان راگەیاندو تیایدا داوا دەکەن کە دەوامى تەناوب و کاتژمێرەکانى دەوامکردن وەک خۆی بمێنێتەوەو زیاد نەکرێت کە لەدوای سەرهەڵدانى ڤایرۆسى کۆرۆنا گۆڕانکارى بەسەرداهاتووە.

لەسەر بایکۆتى دەوامیش لەلایەن فەرمانبەرانەوە زەردەشت رەفیق بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندنی شارەوانی سلێمانی لە کۆنفڕانێکى رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بەپێی رێنماییەکانى ئەنجومەنى وەزیرانی هەرێم پێویستە دەوام ئاسایی بکرێتەوەو فەرمانبەران هاوشێوەى رابردوو سەرجەم رۆژەکانى هەفتە جگە لە هەینى و شەممە دەوامى خۆیان بکەن، واتە تەناوب نەماوە کە فەرمانبەر دوو رۆژ دەوامى دەکرد و دوو رۆژ لە ماڵەوە بوو، ئێستا ئەوە هەڵوەشاوەتەوە.

ناوبراو ئاماژەى بەوەشکرد، دەوامى تەواو لە سەرجەم فەرمانگەکانى سلێمانى جێبەجێ بکرێت شارەوانیش پێوەی پابەند دەبن، بەڵام ئەگەر لە چەند فەرمانگەیەک بێت ئەوا بەدڵنیاییەوە کێشە دروست دەکات.