بافڵ تاڵەبانی، هاوسەركۆی یەكێتی ڕایگەیاند، هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی کردوویانە لەپێناو پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی بووە و دەشڵێت: لە هیچ کەسێکیش قبوڵ ناکەین کاری لەو شێوەیە بکات.
لە میانی دیدارێكیدا لەگەڵ عەشیرەتی نەورۆڵی، بافڵ تاڵەبانی وتی: بە سیاسەتێکی نوێ درێژە بە خزمەتەکانی دەدات و لەسەر ھەموو ئاستەکان خزمەتکار دەبێت و کار بۆ بووژاندنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەین.
لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەکێتی، هاوسەرۆكی یەكێتی ئاماژەی بە گۆڕانکاری و چاکسازییەکان کرد و رایگەیاند، هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لەماوەی رابردوودا کردوومانە لەپێناو پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و پاراستنی رێبازەکەی مام بووە. نامانەوێت یەکێتی بۆ بەرژەوەندی و کاری تایبەت بەکاربهێنرێت و لە هیچ کەسێکیش قبوڵ ناکەین کاری لەو شێوەیە بکات.
ئەو وتانەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی لەكاتێكدایە، هێشتا كێشەكانی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكیتیدا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و چارەسەر نەكراوە.