ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى كوردستان ئاشكرایده‌كات، بەدواداچونى كردوه بۆ ئەو باجەى خراوەتەسەر خواردن لەچێشتخانەکان‌و له‌و ڕوه‌شه‌وه ڕایده‌گه‌یه‌نێت، “باجى ڕاسته‌وخۆى سه‌ر خواردن له‌چێشتخانه‌كان نایاساییه‌و پێچه‌وانه‌ى په‌ره‌پێدانى ئابورى بازاڕه”.
عومه‌ر گوڵپى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ماڵپه‌ڕى فه‌رمى خۆى ئاشكرایكردوه، بەبێبونى پاڵپشتى یاسایى، حکومەت بڕیاریداوە ڕاستەوخۆ بڕێک پارە لەسەر پسوڵەى خواردنى هاوڵاتیان وەرگرێت لەچێشتخانەکانى چوار‌و پێنج ئەستێرە.
له‌و ڕوه‌شه‌وه ده‌ڵێت:”وەرگرتنى ئەم باجە نایاساییە، هەروەها بەزیانیش بۆ دۆخى ئابورى هەرێم دەشکێتەوە، ئەمە جگەلەوەى دەبێتە هۆى وەرگرتنى دوو جارى باج، جارێک بەناوى باجى دەرامەت لەقازانج‌و جارێکیش ڕاستەوخۆ لەهاوڵاتیان”.
به‌بڕواى ئه‌و په‌رله‌مانتاره، “چاکسازى ڕاستەقینەو ڕاستکردنەوەى دۆخى نالەبارەى دارایى، بەکۆتایهێنان بەگەندەڵى دەبێت لەسەرچاوەکانى داهات، کۆتایهێنان بەکارى نایاسایى‌و ناشەفافییەت لەداهاتەکانى نەوت‌و گومرگ‌و سەپاندنى باجى یاسایى بەسەر کۆمپانیا زەبەلاحەکانى حزب‌و نزیک لەحزب، نەوەک سەپاندنى جۆرێک لەباج‌و سەرانە کە ئەبێتە هۆى بارگرانى سه‌ر هاوڵاتیان بەتایبەت کەمکردنەوەى چالاکى ئابورى‌و جوڵەى بازاڕ”.
به‌وته‌ى گوڵپى، “هەموو بۆچونە زانستیەکان بەو ئاراستەیەن کە سەپاندنى باج بۆ بەرپاکردنى دادگەرییە نەوەک تەنها زیادکردنى داهات، ئەم سیاسەتەى حکومەت بەسەپاندنى باجى نایاسایى هیچ پەیوەندى بەدادگەرییەوە نییەو تەنها عەقڵیەتێکى بچوکە کە وادەزانێت دەبێتە هۆى زیادکردنى داهات کە لەڕاستیدا پێچەوانەکەى ڕاسته”.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان وتویه‌تى:”بەژمارە (90) لە23ى 8ى 2021 لەگەڵ خستنەڕوى سەرجەم بەڵگە یاسایى‌و ئابورییەکان، داوامانکردوە باجى ڕاستەوخۆى سەر چێشتخانەکان هەڵبوەشێتەوەو تەنها باجى دەرامەت بەشێوەیەکى دروست‌و دور لەگەندەڵى وەربگیرێت”.