گەنجێکی عیراقی بیرۆکەیەک بە مێشکیدا دێت و ئارەزوی ئەوە دەکات ئۆتۆمبێلێک دروست بکات کەمترین تێچوی هەبێت، لەهەمانکاتدا دۆستی ژینگە و گیرفانی عیراقییەکان بێت و بە وزەی خۆر کاربکات.

ئەو گەنجە ناوی (ئەرشەد ئەحمەد)ەو خەڵکی شاری سامەڕایە لە عیراق، بیر لەوە دەکاتەوە ئۆتۆمبێلێک دروستبکات و لەپاش خۆی گازی ژەهراوی نەکات بەنێو ژینگەی شارەکەیدا، لەگەڵ ئەوەدا بە وزەی خۆر کاربکات و لەڕوی داراییەوە تێچوی نەبێت، هەربۆیە کارەکەی دەگەیەنێتە لوتکە و ئۆتۆمبێلێکی سادەوساکار دروست دەکات.

ئۆتۆمبێلەکە ناوی (S1) وەک ئاماژەیەک بە یەکەم پیتی سامەڕا و یەکەم ئۆتۆمبێلی دروستکراو لەو پارێزگایە لەلایەن عیراقییەکەوە.

سامەڕا لەڕوی ئیدارییەوە سەر بەپارێزگای سەڵاحەدینە و لەساڵی 1162 پایتەختی دەوڵەتی عەباسییەکان بوە، کە حومکی ڕەهایان لەو ناوچانە کردوە.

ڕاشد لە ساڵی 1993 لەدایکبوە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەیە لە پاراستنی شوێنەوارەکان لە زانکۆی سامەڕا، ناوبراو ڕایگەیاندوە کە دروستکردنی ئەو ئۆتۆمبێلە ماوەی شەش مانگی خایاندوە، لەو شەش مانگەدا پێویستی بە 200 سەعات هەبوە بۆ ئەوەی کارەکەی بەئەنجام بگەیەنێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردوە کە لەڕێگەی تابلۆی خۆرەوە کارەکەی ئەنجام داوە، سەرەتا وزەی خۆری گواستوەتەوە بۆ وزەی کارەبایی و دواتر بۆ بەشە میکانیکییەکەی، بەو هۆیەوە سەرکەوتنی لە هاژوشتنی ئۆتۆمبێلەکە بەدەستهێناوە.

ئەو کوڕە گەنجە ئاماژەی بەوە کردوە کە ئۆتۆمبێلەکەی لە پلێتی 2 ملیمەتر دروستکردوە کە 95٪ی لاشەی ئۆتۆمبێلەکە پێکدەهێنێت، لەهەمانکاتدا فایبەر گڵاس و مادەکانی دیکەی کانزایی 5٪ی بەشەکەی دیکە تەواو دەکەن.

ناوبراو تیشکی خستوەتە سەر ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی بوەتە جێی باسی خەڵکانێکی زۆر، بەو هۆیەوە لە وەزارەت و دامەزراوە زانستییە جیاوازەکانی عیراقەوە حەوت سوپاس و پێزانینی وەرگرتوە.

لە درێژەی باسەکەیدا ڕایگەیاندوە کە ئۆتۆمبێلەکەی تەنها بە وزەی خۆر کاردەکات، بەنزین، ڕۆن و ئاوی پێویست نییە، هاژوشتنی ئاسانە و ئەرکەکەی تەنها لەسەر دەستەکانە و پێویستی بە بەکارهێنانی قاچەکان نییە.

لەکۆتایی قسەکانیدا ڕاشد ئەحمەد وتویەتی کە تێچوی ئۆتۆمبێلەکە 2000 دۆلاری ئەمریکی بوە، بەڵام ئەگەر هاوکاریی بکرێت و چەند دانەیەکی زیاتر دروست بکات، ئەوا نرخی تێچوەکەی بە دڵنیاییەوە کەمتر دەبێتەوە.