منداڵێکى دانیشتووى کەرکوک بەرەبەیانى ئەمڕۆ لە ئاوى دوکاندا خنکا و دواى کاتژمێر و نیوێک خێزانەکەى بەرووداوەکەیان زانى و تەرمەکەى دەرهێنرایەوە.
سامان نادر بەڕێوەبەرى سەنتەرى فریاگوزارى سلێمانى ئەمڕۆ هەینى رایگەیاند، منداڵەکە کاتژمێر چوارى بەرەبەیان لەخەو هەستاوە و کەوتووەتە ناو ئاوەکەوە، لەکاتى مانەوەى خێزانەکەى لەدوکان.
ئەو خێزانە کە خەڵکى کەرکوکن بەمەبەستى گەشت چووبونە دوکان و شەو لەوێ ماونەتەوە، بەڵام منداڵەکەیان کە ناوى بەشدار ئومێدە و تەمەنى هەشت ساڵە لەناو ئاوەکەدا خنکا.
سامان نادر باسى لەوەکرد، خێزانەکەى دواى کاتژمێر و نیوێک زانیویانە کە منداڵەکەیان کەوتووەتە ئاوەکەوە، کە دواتر بەخنکاوى لەئاوەکەدا دەرهێنراوەتەوە.
تەرمى منداڵەکە لەدواى دەرهێنانەوەى رەوانەى پزیشکى دادى سلێمانى کراوە.