ئەندامێکی سەركردایەتی یەكێتی نشتیمانی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات: هەموو ئەو قسەوباسانەی دەكرێن گوایە فشار لەسەر ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی هەبووە بۆ واژۆكردنی ئەو پێنج خاڵەی كە مەكتەبی سیاسی بڕیاری لەبارەوە داوە دوورن لەڕاستییەوە.
 
عەتاسەراوی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نشتیمانی كوردستان ڕایگەیاند: ئەو پێنج خاڵەی كە مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیاری لەبارەوە داوە لەبەرژەوەندی یەكێتیدا و بە چارەسەرێكی گونجاوی دەزانین بۆ ئەم دۆخەی ئێستا هەر لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیشمان بەرامبەر پاراستنی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی ئامادەبووین كە بە ویستی خۆمان واژۆ لەسەر ئەو بڕیارانە بكەین و پێشمان وایە كە هەر ئەوەش لەبەرژەوەندی ( لاهور جەنگی)دایە كە ڕازیبێت بە بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی.
 
ئاماژەی بەوەشكرد: هیچ فشارێك لەسەر هیچ ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی دروستنەكراوە گوایە دەبێت بە زۆر واژۆ بكەن، بەڵكوو هەموو ئەندامێكی سەركردایەتی بە ویست و ئارەزووی خۆی هاتووە لە دەباشان واژۆی كردووە و دواتر گفتوگۆی بەسود لە بەرژەوەندی یەكێتی ئەنجامدراوە و هیچ فشارێك دروستنەكراوە، بۆیە جێگای داخە لێرە و لەوێ‌ باس لە بوونی فشار دەكرێت شەرمەزارییە كەسێك خۆی بە ئەندامی سەركردایەتی بزانێت و بڵێت بۆ واژۆیەك فشارم لێكراوە ئەگەر خەڵکێكی ئاسایی ئەم قسەی بكردایە تاڕادەیەك ڕێی تێدەچوو.
 
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو: ( لاهور جەنگی) داوای كۆكردنەوەی 60 واژۆی ئەندامانی سەركردایەتی كردبوو بۆ ئەوەی ئەویش پابەند بێت بە بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بۆیە تا دوێنێ‌ نزیكەی 100 ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی واژۆیان كردووە، كە ئەوەش زۆر لە نیسابی یاسایی زیاترە.
 
سەرچاوە: SNN