پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی بەلێدوانێک دەنگۆی گواستنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ یانەکەی زیاتر دەکات.
یاریزانە 36 ساڵە پۆرتوگالییەکە نزیکە لە رۆیشتن لە یانەی یوڤێنتوس و پەیوەندیکردن بە ریزەکانی مانچێستەر سیتی، دوای ئەوەی یانە ئینگلیزییەکە شکستیهێنا لە گواستنەوەی هاری کەین و ئەو یاریزانە مانەوەی لە تۆتینهام راگەیاند.
پێپ گواردیۆلا لە لێدوانێکدا دەڵێت “رۆناڵدۆ هاوشێوەی مێسییە، دەتوانێت لە وەرزێکدا 50 بۆ 60 گۆڵ تۆماربکات، رۆیشتنی هەر یەکێک لەوانە لە یانەکانیان، یانەکان تووشی کێشە دەکات، بەڵام ریال مەدرید بەمدواییانە ئاستێکی باش بەبێ رۆناڵدۆ پێشکەشدەکات “.
لەبارەی دەنگۆی گواستنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ یانەکە گواردیۆلا نەیشاردەوە کە دەیەوێت لەگەڵ ئەستێرە پۆرتوگالییەکە کاربکات.
میدیای بەریتانیا دەڵێت ” خۆرخی مێندێز، بەڕێوەبەری کارەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە تۆرینۆیە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی یانەی یوڤێنتوس بکات، بۆ ئەوەی دۆن لە یانەکە بڕوات “.
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، یانەی مانچێستەر سیتی ئامادەنییە هیچ پارەیەک بە رۆناڵدۆ بدات، بەڵام دەستەوارەیەکی بە مووچەیەک کە لەنێوان 15 بۆ 20 ملیۆن یۆرۆ دەبێت خستووەتە بەردەم یاریزانە پۆرتوگالییەکە، لەکاتێکدا یانەی یوڤێنتوس داوای 25 ملیۆن پاوەند دەکات بۆ ئەو یاریزانە، یانیش گۆڕینەوە لەگەڵ گابریێل جیسوس، بەڵام مان سیتی نایەوێت دەستبەرداری جیسوس بێت.
بەپێی زۆرینەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، مانچێستەر سیتی دەیەوێت بۆ ماوەی دوو ساڵ گرێبەست لەگەڵ ئەستێرە پۆرتوگالییەکە واژۆبکات و تاوەکو 2023 دۆن بباتە ریزەکانی.
گواردیۆلا لە کۆتایی لێدوانەکەیدا لەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە دەڵێت ” بەدڵنیاییەوە کریستیانۆ یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی مێژووە، هەڵبژاردەی پۆرتوگال هەمیشە بەربژێر بووە بۆ بردنەوەی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا و جامی جیهان و خاوەنی تیپێکی زۆرباشە “.