بە وتەی بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی بەهۆی دواكەوتنی ناردنی 200 ملیار دینارەكەی بەغدا، دابەشكردنی مووچەی وەزارەت و دەستەكان تا ڕۆژی یەكشەممە ڕادەگیرێت و ڕۆژی یەكشەممە مووچەی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ مووچەی یەكەكانی 70 و 80 دابەشدەكرێت.
بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی بە سنورمیدیای ڕاگەیاند”ئەمڕۆ پێنجشەممە مووچەی وەزارەتی دیوانی پێشمەرگە دابەشدەكرێت و سبەی هەینی و دوو سبەی شەممە مووچەی هیچ وەزارەت و دەستەیەك دابەشناكرێت و بانقەكان دەوامناكەن”.
ئاماژەی بەوەشكرد” ڕۆژی یەكشەممە 29/8/2021 دەستدەكرێت بە دابەشكردنی مووچەی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ مووچەی یەكەكانی 70 و 80ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هاوكات چاوەڕێدەكەین كە هەفتەی داهاتوو 200 ملیار دینارەكەی بەغدا بگات و دابەشكردنی مووچە خێراتر بكەین”.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی ئەوەشی ڕوونكردەوە، هەتا ئەو كاتەی پارەكەی بەغدا دەگات دابەشكردنی مووچە هەروا بەخاوی دەبێت بەڵام بە گەیشتنی پارەی بەغدا لە ماوەیەكی كەمدا لیستی دابەشكردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان ڕادەگەیەنین.