میدیاى ئێران وەڵامى ئارى هەرسین ئەندامى ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى دەداتەوە لەبارەى قسەکانى لەسەر پەیوەندییەکانى ئێران و هەرێمى کوردستان.
ڕەزا ڕەحمەتیان بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی جام کوردی سەر بە ئێران لەوەڵامێکدا بۆ ئارى هەرسین نوسیویەتى “پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و کوردانی عێراق بەردەوام لە سەر بنەمای لە بەرچاوگرتنی مافی دراوسێبوون، برایەتی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بووە و بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە هیچ وڵاتێک هێندەی ئێران لە قۆناغە دژوارەکاندا لە گەڵ ئەواندا نەبووە”.
دەشڵێت “پەیوەندییە تەلەفوونییەکەی مەسعود بارزانی لە گەڵ شەهید قاسم سولێمانی و دەستبەجێ گەیاندنی هاوکارییە ڕاوێژکاری و سەربازییەکانی ئێران بابەتێک نییە کە بەم ئاسانییە لەبیر بکرێت و بەرپرسانی باڵای هەرێم و پارتیش بەردەوام باسی هاوکارییەکانیان کردووە”.
“بەڕێزتان ئەگەر خۆتان بە سیاسەتمەدار دەزانن بە دڵنیاییەوە ئاگاتان لەم ڕاستیە مێژووییانە و پاڵپشتییە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە”.
ئەوەشى خستووەتەڕوو، بە هۆی ئەو پەیوەندییە بەهێزەشە کە لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری ئێران لەو ئاستەدا پێشوازییان لێکرا کە تا ماوەیەک میدیاکان و شرۆڤەکارانی کورد بەردەوام باس و تاوتوێیان دەکرد.