سەرۆكی لیژنەیەكی پەرلەمان سێ پێشنیار بۆ ڕێگریكردن لە گرانبوونی نرخی نان و سەمون دەخاتەڕوو و دەڵێت، یەكێكیان دابینكردنی غازە بە نرخێكی كەمتر و پێشنیارەكەش قبوڵكراوە.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەکان و پیشەسازی و بازرگانیی
پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، بۆ ڕێگریکردن لە گرانبونی نرخی نان و سەمون، کە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لەم نرخە جێگیرەدایە، لیژنەكەیان چەند ڕێگاچارە و پێشنیارێکی ئاراستەی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد.

وتیشی، “یەکێک لە گازندەکانی نانەواخانەکان گرانبوونی نرخی غازی بازرگانییە. وەک سەرۆکی لیژنە قسەم لەگەڵ کۆمپانیای ساوس کوردستان کرد، پێشنیارمان کرد، بەشێوەیەکی تایبەت نرخی بتڵێک غاز بۆ سەرجەم نانەواخانەکانی کوردستان بکرێتە پێنج ھەزار دینار لەم سەری مانگەوە جێبەجێبکرێت، بە سوپاسەوە پێشنیارەکەمان قبوڵکرا”.

کرێی کارەبا لەسەر نانەواخانە و سەمونخانەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردوە و وەک نرخی کارگە گەورەکانە و نرخی یەک یەکەی کارەبا 157 دینارە، پێشنیارمان کردوە کەمبکرێتەوە و وەک ماڵان مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، پێشنیاری دووەمە وەك ئەوەی عەلی حەمەساڵح باسیكردووە.

دەشڵێت، پێشنیاری سێیەم، گومرگی تەنێک ئارد بووە بە 32 دۆلار، پێشنیارمانکردوە یان گومرگ لەسەر ئارد لاببرێت یان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبکرێتەوە.

سەرۆكی لیژنەكە ڕونیشیكردەوە، پاش گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار، بڕیارە ھەفتەی ئایندە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت کۆببنەوە و بڕیاری پێویستی لێبدەن.

دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو بەشێك لە خاوەن نانەواخانەكانی سلێمانی گردبوونەوەیەكیان ئەنجامدا و هۆشدارییاندا كە نرخی ئارد گران بووە و ئەگەر گرفتەكە چارەسەرنەكەن، ناچارن نرخی نان گران بكەن، شەممەی ڕابردوو بەشێك لە نانەواخانەكانی سلێمانی نرخی شەش نانیان كرد بە هەزار دینار، بەڵام دواتر بڕیارەكەیان پێهەڵوەشێندرایەوە.