ئمانوێل ماكرۆن سەرۆك كۆماری فەرەنسا كۆتایی ئەم هەفتەیە سەردانێكی فەرمی بۆ عیراق ئەنجام دەدات و رۆژی یەكشەممەی داهاتووش دێتە هەولێرو لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە.
سەرۆكایەتی كۆماری فەرنسا لە راگەیەندراوێكدا ئامانجی سەردانەكەی ماكرۆنی بۆ بەغدا ئاشكراكردووە، كە بەمەبەستی بەشداریكردنە لە كۆبوونەوەی لوتكەی وڵاتانی دراوسێی عیراق، كە رۆژی شەممە 28-8-2021 لەشاری بەغدا بەڕێوەدەچێت.
سەرۆكی فەرەنسا لەدوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەكە، رۆژی یەكشەممە سەردانی شاری هەولێر دەكات و دیداری لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەبێت و پاشان دەچێتە شاری موسڵ.
ئەم سەردانەی ئیمانوێل ماكرۆن بۆ عیراق، دەبێتە دووەم سەردانی فەرمی بۆ ئەو وڵاتە، سەردانی یەكەمی رۆژی 2-9-2020 ئەنجامداو لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی عیراق كۆبووەوە.