بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، شەپۆلێكی بەفر و باران ناوچەكانی توركیا و باكووری كوردستان دەكرێتەوە و كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت و بەهۆیەوە كەشوهەوا فێنك دەبێت و گەرما كۆتایی دێت.

محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی ڕایگەیاند، چوار ڕۆژ دەبێت ئەو شەپۆلەی باسدەكرا بۆ باران بارین لە هەرێم لەسەرەتای مانگی داهاتوو لە نەخشەكاندا نەماوە و تا 10ی ئەیلول بارانی تیا نیە، چونكە هەتا كەشوهەوا فێنك نەبێت بارینی باران كەمێ قورسە بەتایبەتیش یەكەم بارینی پاییز كاتێكی زۆری دەوێ تا جێگیر دەبێت.

ڕاشیگەیاند، لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو واتا لە 15ی ئەیلول بەدواوە كەشوهەوا فێنك دەبێت و بارانی سەرانسەری ئەگەری هەیە بكەوێتە سەرەتای مانگی 10ی ئەمساڵ.

لای خۆشیەوە، مونتەزر وائلی، كەشناسی عێراقی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، كە نزمە پاڵەپەستۆیەكی جەمسەری سارد، كە بەفر و بارانی بەلێزمەی هەڵگرتووە ڕۆژی هەینی 3ی ئەیلول ناوچەكانی توركیا دەگرێتەوە.

سەبارەت بە عێراق و هەرێمی كوردستان وتویەتی، “ئەو شەپۆلە كاریگەری دەبێت و بەهۆیەوە پلەكانی گەرما لە 5ی ئەیلولەوە ڕوو لە نزمبوونەوە دەكەن و كەشوهەوا فێنك دەبێت و لە دووەم هەفتەی مانگی داهاتووشەوە كاریگەری زیاتر دەبێت”.