ئەو یاداشتەی بەناوی بڕیاری سەركردایەتی ئامادە كراوە تائێستا 70 ئەندامی سەركردایەتی ئیمزای كردووە و چاوەڕواندەكرێت ژمارەی ئیمزاكانی بگاتە 104 لە كۆی ١٢٤ ئەندامی سەركردایەتی.
بەپێی یاداشتەكە دەبێت لاهور شێخ جەنگی لەماوەی 3 رۆژدا بچێتە دەرەوەی وڵات و كوردستان بەجێ بهێڵێت تا دوو هەفتە دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەوانەش كە ئیمزای یاداشتەكە ناكەن بەشێكیان ئەوانەن كەلەگەڵیدا دەڕۆن.
لاهور شێخ جەنگی پەیوەندی بە فەرید ئەسەسەردی سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتیەوە كردوە و پێی وتووە بۆكوێ بچم و كوێ دیاری كراوە.
هەرچەندە ئەگەری ئەوەش هەیە كە لاهور شێخ جەنگی بەو بڕیارانە رازی نەبێت، بەڵام لەو حاڵەتەدا پلانی دواتر ئەوەیە كە هەموو هێزێكی چەكدار لەدەوری ماڵی لاهور شێخ جەنگی بكشێنەوە و هێزی نیزامی حكومەت پارێزگاری لە ماڵی لاهور شێخ جەنگی بكات.
لەمەودوا ئیجرائاتەكان بەرامبەر لاهور شێخ جەنگی و گردی سەرچنار شێوەی فەرمی وەردەگرێت و شەرعیەتی بڕیاری حكومی لەپشتەوە دەبێت و بە هێزی پۆلیس كارەكە دەكرێت و داواش دەكەن ئەگەر مەترسی لەسەر ژیانی لاهور شێخ جەنگی هەبێت. ئەوا حكومەت خۆی دەیپارێزێت.