ئه‌ندامێكی لیژنەی دارایی‌و ئابوری لەئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ڕه‌تیده‌كاته‌وه، ڕێكه‌وتنی نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا له‌چوارچێوه‌ی یاسای بودجه جێبه‌جێكرابێت، ده‌شڵێت:”ئه‌و 200 ملیاره‌ی مانگانه بۆ هه‌رێم ده‌نێردرێت وه‌ك سلفه‌یه‌كه‌و هه‌رێم چاوه‌ڕوانه تا كۆتایی ئه‌مساڵ ناردنی ئه‌و پاره‌یه به‌رده‌وامبێت”.
جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی‌و ئابوری لەئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ڕایگه‌یاند، “تائێستا یاسای بودجە نە لەلایەن بەغداد نە لەلایەن هەرێمەوە جێبەجێنەکراوە، چونکه نه هه‌رێم هیچی له‌داهات‌و نه‌وت به‌به‌غدا داوه‌و نه به‌غداش هاتوه حساباتی بودجه‌یان کردوه‌و به‌شی هه‌مویان ناردبێت چ که‌م‌و چ زیاد”.
وتیشی:”وه‌زیری دارایی له‌لیژنه‌ی دارایی به‌ڕاشکاوی پێیڕاگه‌یاندوین، ئه‌گه‌ر ئێمه بودجه جێبه‌جێبکه‌ین ده‌بێت هه‌رێم 638 ملیار دینار به‌ئێمه بدات نه‌ک ئێمه پارەیان بۆ بنێرین”.
جەمال کۆچەر ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو، “کێشه‌کان وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه، دانیشتنێک بوه له‌نێوان وه‌زیری نه‌وتی فیدڕاڵ‌و وه‌زیری سامانه سروشتییه‌کانی هه‌رێم، به‌قسه‌ی وه‌زیری سامانه سروشتیه‌كان هه‌رێم دانیشتنه‌که باش بوه ئێمه‌ش به‌هیواین ببێته مایه‌ی ئه‌وه‌ی که ڕێککه‌وتنێک بكرێت”.
باسی له‌وه‌شكرد، ناردنی 200 ملیار دینار له‌لایه‌ن عێراقه‌وه بۆ هه‌رێم، په‌یوه‌ست نییه به‌ڕێكه‌وتنی نێوان هه‌ردولا، به‌ڵكو ئه‌مه وه‌ك سولفه‌یه‌که به‌هه‌رێمی کوردستان ده‌درێت، تا بتوانێت موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابه‌شبكات، واته وه‌کو قه‌رزێکه‌و دواتر حساب ده‌کرێت‌و له‌بودجه‌ی داهاتوی هه‌رێم ده‌بڕدرێت”.
به‌وته‌ی كۆچه‌ر، “هیچ لەڕێککەوتنی نێوان هەرێم‌و بەغدا جێبەجێنەکراوە”، ده‌شڵێت:”هیچ له‌و ڕێککه‌وتنه یه‌ک هه‌نگاویش نه‌چونه‌ته پێشه‌وه، یه‌ک شت هه‌یه سه‌ردانی وه‌زیری سامانه سروشتیه‌کانه ئه‌ویش ورده‌کاری ڕانه‌گه‌یه‌ندراوه، باسی هه‌ندێک ڕێککه‌وتن کراوه که نه‌وتی سپی بۆ خه‌ڵکی هه‌رێم ده‌نێرن‌و پاڵپشتی به‌نزین ده‌کرێت، به‌ڵام هیچ ڕێكه‌وتنێك نییه”.
جه‌مال كۆچه‌ر بۆ ده‌نگى ئه‌مریكا ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه، خودی ڕێکه‌وتنه‌که‌ی نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا كه چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی وه‌رگرتوه، 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕاده‌ستی به‌غدا ده‌كرێت‌و له‌به‌رامبه‌ریشدا پشكی هه‌رێم ده‌نێردرێت، ئێمه پێمانوایه، “ڕێککه‌وتن ناکرێت به‌ڵکو هه‌رێم چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ده‌کات به‌غدا ئه‌م 200 ملیاره به‌رده‌وامبێت هه‌تا کۆتایی ئه‌مساڵ‌و خواکه‌ریمیش بۆ بودجه‌ی 2022”.