ژێوار مارف

هەڵبژاردن و دیموکراسی دوو چەمکی پێکەوەگرێدراون، واتا تەواوکەری یەکترن و ناکرێت باس لە دیموکراسی و مەدەنیەت بکرێت بەبێ هەڵبژاردن. ھەڵبژاردن پرۆسەیەکی گرنگی دونیای دیموکراسییە کە لە رێگەیەوە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان ئەجێندا و پلان و بەرنامەی کارو و چالاکییە خزمەتگوزارییەکانیان ڕوندەکەنەوە بۆ ئەندام و لایەنگر و دەنگدەرەکانیان تاکو ھانیان بدەن بەشداری پرۆسەکە بکەن و لەڕێگەی دەنگی ئەو بەشداربوانەوە حەجم و قورسایی بەشداریکردنیان لە پێکھێنانی حکومەتدا بزانن.

لە ئێستادا لایەنە سیاسیەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان سەرقاڵی خۆئامادەکردنن بۆبەشداری کردن لەھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە وا بڕیارە لە ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت، سەرەڕای خراپی دۆخی ئەمنی و ئابوری سیاسی لە عێراقدا بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، سەرەڕای شپرزەیی و ناتەبایی نێوماڵی کورد و تەواوی حزب و لایەنە عێراقییەکان.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەک ھێزێکی کاریگەر لەھەرێمی کوردستان سەرقاڵی خۆئامادەکردنە بۆبەشداریکردن لەم پرۆسەی ھەڵبژاردنەدا، سەرەڕای خراپی دۆخی نێوماڵی حیزبەکە
کەلەماوەی ڕابردوودا روبەڕویی کۆمەڵێک کێشە و گرفتی کەڵەکەبوی نێو ئەم حیزبە گەشتە لێواری تەقینەوە و تائاستێکی مەترسیدار ڕۆشت.

ئەوەی جێگای تێڕامان و سەرنجدانە بەشێک لە سەرکردە و کادرانی ئەم حیزبە کە تاڕادەیەک دورخراونەتەوە لە پێگەی کاروچالاکی سیاسی نێو حیزبەکە دەنگۆی بایکۆتکردنی بەشداریکردنیان لە پرۆسەیەکی وەھاگرنگدا بڵاوبۆتەوە و کاردەکەن بۆھاندانی خەڵک تاکو بەشداری ھەڵبژاردن نەکەن و دەنگ نەدەن بە لیست و کاندیدەکانی یەکێتی، ئەمەش وەک سزایەک بۆ ماڵی خوالێخۆشبوو مام جەلال.

لەکاتێکدا یەکێتی وەک ھەموو حیزبەکانی تری ناوچەکەو و جیھانیش خاوەنی پەیڕەوپرۆگرام و دیسپلینی حزبیی خۆیەتی کەبەدەنگی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی پەسەندکراوە و زۆر بەڕونی ئەرک و ماف و سزاو پاداشتی سەرکردە و کادرانی تێدا ڕوونکراوەتەوە، کردەیەکی وەھا سەرپێچی و لادانێکی ڕوونە لە پەیڕەوی ئەم حیزبە کەخاوەنی ڕووبارێکە لەخوێنی شەھیدەکانی.
لە راستیدا من ھەرگیز لەو بڕوایەدا نەبوم کە هاوسەرۆکی دوورخراوە کە لە ئێستادا دەسەڵاتەکانی لێوەرگیراوەتەوە کاربکات و ھانی کادر و دۆست و لایەنگرانی یەکێتی بدات تاکو بایکۆتی ھەڵبژاردنەکان بکەن و بەشدارنەبن
بەڵام بەداخەوە ئاماژەکان ئەوەمان پێناڵێت.!

خۆ ئەگەر ئەم دەنگۆیانە ببێتە واقیع، جگەلەوەی کەلێدانە لە یەکێتی و پیرۆزیەکانی یەکێتی و بەفیڕۆدانی خوێنی شەھیدان و بێبایەخ کردنی ڕەنج و ماندوبونی میللەتێکی خێر لە خۆ نەدیو و نەحەساوە، ھەروەھا هەوڵدانێکی ئاشکرا و ڕوونە بۆ ناشیرینکردن و شکست پێھێنانی بافڵ و قوباد تاڵەبانییە، لەکاتێکدا کوڕانی تاڵەبانی کۆمەڵێک بەڵێنیان بە کادر و دۆست و لایەنگرانی ئەم حیزبەداوە و بەکردەیی دەستیانکردووە بەچاکسازی لە ھەموو ئۆرگانەکانی حیزب و جوومگەکانی حکومەت و پایە سەرەکیەکانی بەڕێوەبردن و پشکی یەکێتی لە حکومەتدا.

بۆیە کارکردن بۆسەرخستنی پرۆسەی ھەڵبژادن و بەشداریکردن تیایدا ئەرکێکی جدی و ئیلتیزامێکی ئیجباریی حیزبی سەرشانی ھەموو کادرانی یەکێتییە و دەبێت ھەموو دام و دەزگاکانی یەکێتی و سەرجەم تواناکان بخرێتە خزمەتی پرۆسەکەوە.
ھەروەھا ئەرکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتییە و بەتایبەت ئەرکی ھاوسەرۆک بافڵ تاڵەبانییە کە بەدواچونی جدی بکات لەسەر ئەودەنگۆیە و ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ سزادانی ھەر سەرکردە و کادرێک لەھەرپۆستێکدابێت، ناکرێت یەکێتی بکرێتە قوربانی ھیچ دەستە و تاقمێک، چونکە یەکێتی موڵکی تەنھا کەسێک نیە و میللەتێک و کەسوکاری شەهید و پێشمەرگە قارەمانەکان خاوەنی راستەقینەی ئەم حزبەن. مێژووش ئەوەی سەلماندووە هەرگیز یەکێتی بە رۆشتن و دورخستنەوەی کەسێک لەناونەچووە و لەناو ناچێ، مامی رەحمەتی جوانی فەرمووە؛ سەفین لەبن دێ، یەکێتی لە بن نایەت.!